ژمارەی کوژراوانی بۆردوومانەکەی ئەمڕۆی تورکیا بەرزبووەوە

09-08-2023 09:45
ئەو ئۆتۆمبێلەی ئەمڕۆ لە ڕێگای دوکان - خەلەکان بۆردومان کرا.

پەرەگراف

سەرچاوەیەک لە تەندروستی سلێمانی بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، "ئەمشەو یەكێك لە بریندارانی بۆردومانەكەی ئەمڕۆی رێگای دوكان - خەلەكان لە نەخۆشخانەی شار گیانی لەدەستدا".

ئەو بۆردوومانە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک ئەنجام درا، دوای دوو کاتژمێر لە بۆردومانی ئۆتۆمبێلێکی دیکە لە ماوەت.

ھاوکات دژەتیرۆری کوردستان (دژەتیرۆری پارتی)، ڕایگەیاند: لە دوو هێرشی جیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا بۆ سەر دوو ئۆتۆمبێلی چەکدارانی پەکەکە، بەرپرسێکی ئەمنیی پەکەکە و چەکدارێک کوژران و چوار چەکداری دیکەش بریندار بوون. بە گیانلەدەستدانی بریندارەکەی ئەمشەو ژمارەی کوژراوان بۆ سێ کەس بەرزبوونەوە.

"بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە کاتژمێر 13:00، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا لە نزیک گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەتی پارێزگای سلێمانی، ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی کردە ئامانج و بەهۆیەوە بەرپرسێکی هەواڵگریی پەکەکە کوژراو و دوو چەکداری دیکەش بریندار بوون" دژەتیرۆری پارتی وادەڵێت.

دەشڵێت "هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، کاتژمێر 15:30ی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە هێرشێکی دیکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکە لە نزیک گوندی قەڵاتی ناحیەی خەلەکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی، چەکدارێکی پەکەکە کوژراو و دوو چەکداری دیکەش بریندار بوون".