قوباد تاڵەبانی: نابێت لەپێناو بەرژەوەندی چەند کەسێک پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە پەک بخرێت

09-08-2023 04:11

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەو هەر کەسێک کەمتەرخەم بێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

"بەڵێنمان بە خەڵکی خۆمان و هاوپەیمانەکانیشمان داوە کە؛ هێزەکانمان تۆکمەتر و راهێنراوتر بکەین و قۆناغ بە قۆناغ پڕۆژەی چاکسازی جێبەجێ بکەین، هەربۆیە ناکرێت لەپێناو بەرژەوەندی هەندێک کەس، دەستبەرداری بابەتێکی وەها هەستیار و گرنگ بین. ئێمە بەردەوام دەبین لە پڕۆسەی چاکسازی و لێپرسینەوەش لە کەسانی کەمتەرخەم دەکەین لە هەر پلەو پۆستێکدا بن" قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.

ئەو وتانەی، جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەیدا بووە لەگەڵ لیوا روکن بەختیار ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و ژمارەیەک لە ئەفسەران و پلەداری وەزارەت کە ئەمڕۆ لە ھەولێر بەڕێوەچووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە؛ تاوتوێی دواپێشهات و گرژی و ناکۆکییەکانی ناو دیوانی وەزارەت کراوەو لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لە گرژییەکان و هۆکارەکانی کرد و هەروەها روونکردنەوەی داوە لەبارەی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی قۆناغەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و کێشە و کەموکوڕییەکانی پڕۆسەکەی خستەڕوو.

قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردووەتەوە لەسەر بەردەوامیدان بە پڕۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و رایگەیاند "ئاساییە گرژی و ناکۆکی سیاسی هەبێت لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بەڵام قبوڵ کراو نییە ئەو گرژییە بهێنرێتە ناو وەزارەتی پێشمەرگە".

جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا پەیامێکی بۆ هەموو بەرپرسان و پلەدارانی وەزارەتی پێشمەرگە ناردووە، دەڵێت "لەڕووی سیاسیو حیزبییەوە سەر بە هەر لایەنێکن، لەڕووی نیشتمانی و ئەخلاقییەوە ئەرکی ئێوەیە لە وەزارەت پیشەییانە مامەڵە بکەن و دووربکەونەوە لەململانێ و نەبنە بەشێک لە ناکۆکی سیاسی و حیزبی و مل نەدەن بۆ هیچ دەستێوەردانێک لە وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن هەر کەسێکەوە بێت".

لە ماوەی ڕابردوودا ململانێكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتنە لووتكە، باسكردنی ئەو ململانێیانە لە نووسراوی فەرمیدا و بڵاوكردنەوەی نووسراوەكە لە میدیاكان، زیاتر كێشەكانی دەرخست.

بەپێی ڕاپۆرتێكی بنكۆڵكاریی پەرەگراف، هەوڵەكانی هاوپەیمانان لەگەڵ پارتی و یەكێتی بۆ ڕێكخستن و یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە لەچەند ساڵی ڕابردوودا، بێ‌ ئاكام بوون و ئەنجامی دڵخۆشكەریان لێ‌ نەكەوتووەتەوە.

پەرەگراف لە بنكۆڵكارییەكەیدا زانیاریی وردی لە چەندین سەرچاوەوە وەرگرتووە و بەپێی زانیارییەكان، پارتی و یەكێتی نەك ملكەچی فشاری بەردەوامی هاوپەیمانان بە سەركردایەتی ئەمریكا نەبوون، بەڵكو هەردوو حزب هیچ بایەخ و دەسەڵاتێكیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە نەهێشتووەتەوە و حیزبایەتییان لەناو هێزە چەكدارەكاندا زیاتر كردووە.

"هاوپەیمانان دەڵێن: نابێت حیزبایەتی هەبێت. بەڵام یەكێتی و پارتی زیاتر حزبایەتی دەكەن و هیچ متمانەیەك لە نێوانیاندا نەماوە، وەزارەتی پێشمەرگەیان پشتگوێ خستووە و پەرە بە هێزی حیزبی دەدەن"، یەكێك لە سەرچاوەكان وا دەڵێت.

لە ماوەی ڕابردوودا كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی وەزارەتی پێشمەرگە قووڵ بوونەوە، پارتی هەوڵ دەدات ڕێككەوتنی پێشوویان بۆ دابەشكردنی پۆستەكان 50 بە 50 هەڵبوەشێنێتەوە و لەسەدا 57ی پۆستەكان بۆ خۆی و 43 بۆ یەكێتیبێت، بەڵام یەكێتی ئەوە ڕەت دەكاتەوە.

لیوا ڕوكن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە پشكی یەكێتی، لە نووسراوكێدا كە ئاراستەی وەزیری دارایی كردووە،ئاشكرا دەكات كە لە ڕۆژی 11-6-2023، عەبدولخالق باپیری، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە، فەرمانێكی وەزاریی دەركردووە و تێیدا باسلەوە كراوە "چیتر لە وەزارەت كار بە دابەشكاریی 50 بە 50 ناكرێت".

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە پشكی یەكێتی، فەرمانەكەی ڕەت كردووەتەوە و دەڵێت "هیچ بنەمایەكی یاسایی و كارگێڕیی نییەو كاری پێ‌ ناكرێت".

لیوا ڕوكن بەختیار محەمەد لە نووسراوەكەیدا بۆ وەزیری دارایی، سەبارەت بە بارودۆخی ناو وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت "ڕێز و حورمەت لەپەیامی پێشمەرگایەتی نەماوە، كاری پێكەوەیی و هاوبەش و پرس و ڕا بە یەك كردن نەماوە، ڕێز بۆ یاسا و پەیڕەوی ناوخۆی وەزارەت نەماوەو پێشێل دەكرێت".

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە پشكی یەكێتی، كرۆكی ناكۆكی و ململانێكانی نێوان پارتی و یەكێتیی لەناو وەزارەتی پێشمەرگەئاشكرا كردووە و دەڵێت "سەرجەم ئیش و كارەكانی ژمێریاریی سەربازی بە شێوەیەكی تاكلایەنە بەڕێوە دەبرێن، ئەویش تەنیا لەلایەنبرادەرانی لیستی 80، بە تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتیی مووچە".

بابەتێكی دیكە گۆڕینی پاسۆردی كۆمپیوتەرەكانی نوێنەرەكانی یەكێتی لەناو وەزارەتی پێشمەرگەیە لەلایەن بەرپرس و نوێنەرەكانی پارتییەوە،كە بە قسەی لیوا ڕوكن بەختیار محەمەد "لە بەڕێوەبەرایەتیی مووچە/ بەشی مووچە، بۆ ئامادەكردنی مووچەی مانگی حەوت، تەواوی ئەفسەرو كارمەندەكانی لیستی 70 پاسۆردی كۆمپیوتەرەكانیان گۆڕدراوە و سڕ كراون، ڕێگە نادرێت كارەكانیان جێبەجێ‌ بكەن. گشت كارەكانلەلایەن ئەفسەر و كارمەندەكانی خۆیان جێبەجێ‌ دەكرێن".