داواکاری گشتی ھەرێم فەرمانی دەستگیرکردنی وەھاب ھەڵەبجەیی بڵاوکردەوە و داوا دەکات رادەست بکرێت
پەرەگراف
سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی دەستگیرکردنی وەهاب هەڵەبجەیی فەرماندەی دژەتیرۆری یەکێتی بڵاوکردەوەو داوا دەکات لەگەڵ داواکراوانی دیکەدا ڕادەستی یاسا بکرێن.
راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێم دەڵێت "بەداخەوە ماوەیەکە لە سنوری دەڤەری سلێمانی، بەکارهێنانی دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و ناکۆکییە ناوخۆیی و حزبیی و کەسییەکان، رۆژبەرۆژ روو لە زیادبوونە لە کاتێکدا پێویستە دەزگای ئەمنیەکان کە دەزگای فەرمی حکومەتن".
داواکاری گشتی ئەوەش دەخاتەڕوو، دامەزراوە ئەمنییەکان، ئەرکیان پاراستنی ئارامی و ئاسایشی نیشتیمان و سەرومالی هاولاتیان و پارێزگاریکردنە لە دۆخی پێکەوە ژیان و ئاسایش و ئاشتی کۆمەلایەتی، نابێت هیچ دەزگایەکی ئەمنی ببێتە دەزگایەکی کەسیی و بۆ مەبەستی تایبەت بەکاربهێنرێن.
"لەو روانگەیەوە رایدەگەیەنین کە هەندێک تۆمەتباری داواکراو لە لایەن دادگاوە هەن پێویستە رادەستی یاسا بکرێن و لە بەردەم دادوەردا ئامادە بن تا دادگا رێکاری یاسایی خۆیی بەرامبەریان بگرێتە بەر".
داواکاری گشتی دەشڵێت "بە پێچەوانەوە ئامادەنەبوون لە بەردەم دادوەر و پشتگوێخستنی داواکاری دادگا و رادەستنەکردنی داواکراوان بە یاسا، دەرفەتی زیاتر دەداتە ئەو تۆمەتبارانە کە پەنا بۆ کردەوەی قێزەونی دیکە ببەن و حالەتەکانی تیرۆر و کوشتن و رفاندن و تۆقاندنیش لەسەر دەستیان روو لە زیادبوون بکات و کۆمەلگە بە گشتی، لە ترس و دلە راوکێ و نائارامیدا بێت".
بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف، چەندین بڕیاری دادگاکانی هەرێمی كوردستان، لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی جێبەجێناكرێن و تۆمەتباران داڵدەدەدرێن و دەیانپارێزن، لە هەندێكیشیاندا، بە ئاشكرا و لەڕێی میدیاوە، دەیكەن بە بابەتی تەنز و دەسەڵاتی دادوەری بە لایەنگریکردن تۆمەتبار دەكەن.
لە حوزەیرانی ئەمساڵدا، كاتێك دادگای هەولێر لە دۆسیەی کوشتنی هاوکار جافدا سزای لە سێدارەكانی بۆ وەهاب هەڵەبجەیی و ژمارەیەك فەرماندەی دژەتیرۆری یەكێتی دەركرد.
عەقید هاوكار جاف، ئەفسەری دەزگای زانیاری یەكێتی بوو، ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو بە بۆمبێكی چێنراو ئۆتۆمبێلەكەی لە هەولێر تەقییەوە و لەوكاتەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم تۆمەتەكەی خستۆتە سەر كەسانی یەكەمی دژەتیرۆری یەکێتی و ئەو حیزبەش بە توندی رەتیدەكاتەوە.
لێپرسراوانی یەكێتی، بە ئاشكرا بڕیاری دادگا رەتدەكەنەوە، نەك هەر ئەوەش، بە "سیاسیكراو و سوككردنی" دەسەڵاتی دادوەری ناوی دەبەن.
ڕۆژێک دوای بڕیارەکەی دادگای هەولێر، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەکێتی ڕایگەیاند، دادگای هەولێر "دادگایەكی سیاسییە"و ئەسڵەن خەجاڵەتی دەكێشێت باسیشی بكات. پیرە وتیشی "زۆر شتمان بێ كەڵك كردووەو بەم نەوعە دادگاكانیش سوك دەكەین".