لە چوارچێوەی پرۆژەی یەكخستنەوەدا سێ‌ لیوا لە وەزارەتی پێشمەرگە پێكهێنران

09-08-2023 02:16

پەرەگراف

بە فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم، سێ‌ لیوای نوێ‌ لە وەزارەتی پێشمەرگە پێكهێنران. بڕیارەكە لە كاتێكدایە كە ململانێكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتووەتە لووتكە. هاوكات گوشارێكی زۆریش لەلایەن هاوپەیمانانەوە هەیە بۆ خێراكردنی پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و نەهێشتنی لەمپەرەكانی بەردەمی كە ماوەی پێنج ساڵیی پرۆژەکە چەند مانگێكی ماوە تەواو ببێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان دەڵێت "لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی پڕۆژەی یاسای چاكسازی و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بە فەرمانی مەسروور بارزانی، سێ‌ لیوا لە وەزارەتی پێشمەرگە پێكهێنران كە بریتیین لە لیوای ٢٦، لیوای ٢٨ و لیوای ٣٠".

فەرمانگەكە دەڵێت "لیواكان لەسەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە پێكهێنراون و لە ڕۆژی دەرچوونی فەرمانی دامەزراندنیان كە دەكاتە ڕێكەوتی ٨ـی٨ـی ٢٠٢٣، دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

لە ماوەی ڕابردوودا ململانێكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتنە لووتكە، باسكردنی ئەو ململانێیانە لە نووسراوی فەرمیدا و بڵاوكردنەوەی نووسراوەكە لە میدیاكان، زیاتر كێشەكانی دەرخست.

بەپێی ڕاپۆرتێكی بنكۆڵكاریی پەرەگراف، هەوڵەكانی هاوپەیمانان لەگەڵ پارتی و یەكێتی بۆ ڕێكخستن و یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بێ‌ ئاكام بوون و ئەنجامی دڵخۆشكەریان لێ‌ نەكەوتووەتەوە.

پەرەگراف لە بنكۆڵكارییەكەیدا زانیاریی وردی لە چەندین سەرچاوەوە وەرگرتووە و بەپێی زانیارییەكان، پارتی و یەكێتی نەك ملكەچی فشاری بەردەوامی هاوپەیمانان بە سەركردایەتی ئەمریكا نەبوون، بەڵكو هەردوو حزب هیچ بایەخ و دەسەڵاتێكیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە نەهێشتووەتەوە و حیزبایەتییان لەناو هێزەچەكدارەكاندا زیاتر كردووە.

"هاوپەیمانان دەڵێن: نابێت حیزبایەتی هەبێت. بەڵام یەكێتی و پارتی زیاتر حزبایەتی دەكەن و هیچ متمانەیەك لە نێوانیاندا نەماوە، وەزارەتی پێشمەرگەیان پشتگوێ خستووە و پەرە بە هێزی حیزبی دەدەن"، یەكێك لە سەرچاوەكان وای دەڵێت.

لە ماوەی ڕابردوودا كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی وەزارەتی پێشمەرگە قووڵ بوونەوە، پارتی هەوڵ دەدات ڕێككەوتنی پێشوویان بۆ دابەشكردنی پۆستەكان 50 بە 50 هەڵبوەشێنێتەوە و لەسەدا 57ی پۆستەكان بۆ خۆی و 43 بۆ یەكێتی بێت، بەڵام یەكێتی ئەوە ڕەت دەكاتەوە.

لیوا ڕوكن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە پشكی یەكێتی، لە نووسراوكێدا كە ئاراستەی وەزیری دارایی كردووە، ئاشكرا دەكات كە لە ڕۆژی 11-6-2023، عەبدولخالق باپیری، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە، فەرمانێكی وەزاریی دەركردووە و تێیدا باس لەوە كراوە "چیتر لە وەزارەت كار بە دابەشكاریی 50 بە 50 ناكرێت".

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە پشكی یەكێتی، فەرمانەكەی ڕەت كردووەتەوە و دەڵێت "هیچ بنەمایەكی یاسایی و كارگێڕیی نییە و كاری پێ‌ ناكرێت".

لیوا ڕوكن بەختیار محەمەد لە نووسراوەكەیدا بۆ وەزیری دارایی، سەبارەت بە بارودۆخی ناو وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت "ڕێز و حورمەت لە پەیامی پێشمەرگایەتی نەماوە، كاری پێكەوەیی و هاوبەش و پرس و ڕا بە یەك كردن نەماوە، ڕێز بۆ یاسا و پەیڕەوی ناوخۆی وەزارەت نەماوە و پێشێل دەكرێت".

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە پشكی یەكێتی، كرۆكی ناكۆكی و ململانێكانی نێوان پارتی و یەكێتیی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرا كردووە و دەڵێت "سەرجەم ئیش و كارەكانی ژمێریاریی سەربازی بە شێوەیەكی تاكلایەنە بەڕێوە دەبرێن، ئەویش تەنیا لەلایەن برادەرانی لیستی 80، بە تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتیی مووچە".

بابەتێكی دیكە گۆڕینی پاسۆردی كۆمپیوتەرەكانی نوێنەرەكانی یەكێتی لەناو وەزارەتی پێشمەرگەیە لەلایەن بەرپرس و نوێنەرەكانی پارتییەوە، كە بە قسەی لیوا ڕوكن بەختیار محەمەد "لە بەڕێوەبەرایەتیی مووچە/ بەشی مووچە، بۆ ئامادەكردنی مووچەی مانگی حەوت، تەواوی ئەفسەر و كارمەندەكانی لیستی 70 پاسۆردی كۆمپیوتەرەكانیان گۆڕدراوە و سڕ كراون، ڕێگە نادرێت كارەكانیان جێبەجێ‌ بكەن. گشت كارەكان لەلایەن ئەفسەر و كارمەندەكانی خۆیان جێبەجێ‌ دەكرێن".