پەرەگراف
وەزارەتی دارایی و پەروەردە پێشنیار دەکەن مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان بە گرێبەست دابمەزرێندرێن، ئەوەش وەک چارەسەرێک بۆ دۆخی وانەبێژان دوای دەیان خۆپیشاندان و ئاڕاستەکردنی زیاتر لە ٥٠٠ یاداشت بە مەبەستی دامەزراندنیان.
بەپێی نووسراوێک کە واژۆی وەزیری دارایی هەرێمی لەسەرەو بۆ ئەنجومەنی وەزیران نێردراوە، ئاماژە بە پێکهێنانی لیژنەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پەروەردەو دارایی دەکات بۆ چارەسەری کێشەی مامۆستایانی وانەبێژو دەڵێت، دوای چەندین کۆبوونەوەو کۆکردنەوەی داتاو زانیاریی، هەردوو وەزارەت ڕێککەوتن لەسەر پێشنیارێک کە وانەبێژان بکرێن بە گرێبەست.
بە کردنە گرێبەستی مامۆستایانی وانەبێژ مووچەی مانگانەیان زیاد دەکات، وەزیری دارایی دەڵێت "بڕی چوار ملیارو ٢٥٥ هەزارو ٨٩٦ هەزار دینار زیاد دەبێت بۆ کۆی ئەو مووچەیەی لە ئێستادا وانەبێژان وەری دەگرن".
مامۆستایانی وانەبێژ بە دروشمی "بەڵێ بۆ دامەزراندن.. قوتابی وا فێر ناکرێت و وانەبێژ مافی دەوێت" دەیان جار خۆپیشاندانیان ئەنجامداوەو نزیکەی ٢٠ جار ناڕەزاییەکانیان بردووەتەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر، ئەوەش بە ئامانجی دامەزراندنیان.
لە دواین خۆپیشاندانیاندا نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە ڕۆژنامەنووسانی وت، سەرباری دەیان خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی، هاوکات زیاتر لە ٥٦٠ یاداشتیان داوەتە لایەنی پەیوەندیدار بەڵام زۆر بێباکن بەرامبەر داواکارییەکەیان.
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ وتیشی، لە سەرەتای کابینەی ٩ی حکومەت ١٧ هەزار مامۆستای وانەبێژ هەبوون، بەڵام ئێستا ٣٥ هەزارو ٥٦٠ مامۆستای وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان هەن و، وابڕوات چەند ساڵێکی دیکە دەبێت ناوی وەزارەتی پەروەردە بکرێتە وەزارەتی مامۆستایانی وانەبێژ.
مامۆستایانی وانەبێژ ڕەخنەیان لە بێدەنگیی و بەدەمەوەنەچوونی حکومەت دەگرت بۆ داواکارییەکەیان، ئاماژەیان بەوە دەکرد کە لە سێکتەرەکانی دیکە دامەزراندن هەیە، بەڵام بۆ وەزارەتی پەروەردەو مامۆستایانی وانەبێژ نییە.
وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان لەسەدا 30ی بۆشاییەكانی كەرتی پەروەردەیان پڕكردووەتەوەو لە ئێستادا بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان نزیکەی ١٤ ملیار دینارە.
مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ بەپێی بڕوانامە و ئەو شوێنەی وانەی تێدا دەڵێنەوە جیاوازە، بۆ نمونە ئەو وانەبێژانەی بڕوانامەیان دیپلۆمە بۆ هەر وانەیەک ٣ هەزار دینار وەردەگرن و بەکالۆریۆسیش ٤ هەزار دینار وەردەگرن، بەگشتی کەمترینیان مانگانە 250 هەزار دینار و زۆرترینیشیان 400 هەزار دینار وەردەگرن.
لەکاتی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایانی وانەبێژ، بەرپرسانی پەروەردە چەندینجار هۆشدارییانداوە ئەگەر کێشەی وانەبێژان چارەسەر نەکرێت و ئەوان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بکەن، ئەوا پڕۆسەی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان ئیفلیج دەبێت.