ئەمڕۆ پێنج ئۆتۆمبێل لە هەولێر سووتان؛ بەرگریی شارستانی: خراپیی بەنزین هۆكاری ‏سەرەكییە

07-08-2023 11:20

پەرەگراف

هاتووچۆی هەولێر سووتانی "پێنج ئۆتۆمبێل"ی تەنیا لەمڕۆدا لە سنووری پارێزگاكە ‏ڕاگەیاند. بەرگریی شارستانیش "خراپیی بەنزین" بە هۆكاری سەرەكیی سووتانی ‏ئۆتۆمبێل ناو دەبات.‏

بەپێی ئامارێك كە بەرگریی شارستانیی هەولێر خستوویەتیە ڕوو، تەنیا لەمساڵدا ‏‏"172 ئۆتۆمبیل" سووتاون. ئەو فەرمانگە پەیوەندیدارە دەشڵێت "بەداخەوە خراپیی ‏بەنزین و بەرزیی ڕێژەی غاز لەناو بەنزینەكە، هۆكاری سەرەكین بۆ سووتان".‏

ئەمڕۆ ژمارەیەك ئۆتۆمبێل لە چەند شوێنێكی هەولێر، لەوانە شەقامی 150 مەتری، ‏بنەسڵاوە، لەسەر ڕێگاكانی هەولێر – كۆیە و هەولێر – شەقڵاوە، سووتان. بەرگریی ‏شارستانیی هەولێر دەڵێت "چوار ئۆتۆمبێل" سووتاون، بەڵام وتەبێژی هاتووچۆی ‏هەولێر دەڵێت "پێنج ئۆتۆمبێل سووتاون".‏

سەبارەت بە هۆكاری سووتانی ئۆتۆمبێلەكان، بەرگریی شارستانیی هەولێر ڕایگەیاند ‏‏"دوو ئۆتۆمبیل بەهۆی لێچوونی بەنزین، دوو ئۆتۆمبیل بەهۆی فیول پەمپەوە ‏سووتاون". ‏

هاوكات فازڵ حاجی، وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر، دەڵێت "بەپێی ڕاپۆرتی ‏بەرگریی شارستانی، دوو ئۆتۆمبێل بەهۆی لێچوونی بەنزینەوە سووتاون كە لە دەمی ‏خاوەنی ئۆتۆمبێلەكانەوە وەرگیراوە. ئۆتۆمبێلێكیش بەهۆی گۆڕینی فیول پەمپەوە ‏سووتاوە كە بەبێ ئەوەی سەری پاتری لاببرێت دەستكاری كراوە و لە كاتی لێكردنەوە ‏شۆرت دروست بووە".‏

وەكوو فازڵ حاجی باسی كردووە، ئۆتۆمبێلی چوارەم بەهۆی "غازی بەنزینی خراپ"ـەوە ‏سووتاوە و پێنجەمیش هێشتا هۆكارەكەی دیار نییە.‏

وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر هۆشداری دەدات كە "پشتگوێخستنی بچووكترین ‏كەموكووڕی، ئەگەری گەورەترین كارەساتی لێ دەكەوێتەوە".‏