لاھور شێخ جەنگی: بەشداری هەڵبژاردن لە کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان ناکەین

07-08-2023 08:31

پەرەگراف

لاھور شێخ جەنگی ھەڵوێستی ڕاگەیاند لەسەر بەشداریکردن بە لیستی جیاواز بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، دەڵێت، بەشداریی ناکات و لایەنەکان وەڵامی ئەرێنییاننەبووە بۆ یەکلیستی.

لە پەیامێکدا لاھور شێخ جەنگی ڕەخنەی تووند لە سیاسەتی پارتی و یەکێتی دەگرێت و باسلەوە دەکات، دەستپێشخەرییان بێ جیاوازی بۆ لایەنە کوردستانیەکان راگەیاند و پرۆژەی (هاوپەیمانی گەل)یان پێشکەشکردن بۆ پێکهێنانی لیستێکی هاوبەش.

"ئێمە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی چەند لایەنێکی سیاسیمان کرد و ئەوانەشی سەردانمان نەکردبوون پرۆژەکەمان بۆ ڕەوانەکردن، داوای هەڵوێستمان لێکردن، لەگەڵ ئەوەی هەموو ئامادەییەکمان نیشاندا بۆ سەرخستنی کورد لەم هەڵبژاردنەدا، تەنانەت ئامادەبووین کاندیدشیماننەبێت، تەنیا ئامانجمان سەرکەوتنی کورد و خەڵکە ڕەسەنەکەی ناوچەکە وکۆکردنەوەی لایەنەکان بوو لەچوارچێوەی لیستێکی هاوبەشدا،بەڵام بەداخەوە زۆرینەی لایەنە سیاسیەکان وەڵامەکەیان ئەرێنی نەبوو، ئامادەنەبوون بە یەک لیستی هاوبەش لەم هەڵبژاردنەدا بەشداربن".

"ئێمە لە سۆنگەی باوەڕبوونمان بە پیرۆزی خاکی کوردستان و بەرزراگرتنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان، لەگەڵ ئەو فشارە زۆرەی کە لەسەرمانە بۆ بەشداریکردن و لیستی جیاواز لەم هەڵبژاردنەدا، رایدەگەیەنین کە هەرگیز ئامادەنین لە پێناو بەدەستهێنانی چەند کورسییەک زیان بە دەنگی کورد لەو ناوچانە بگەیەنین. ئێمە بە بەشداریکردنمان لەم هەڵبژاردنەدا دڵنیاین کە دەنگێکی زۆر دەهێنین، هەموولایەکیش دەزانن کە پێگەو و سەنگی ئێمە لەکەرکوک و ئەوناوچانە چۆنە و چەندە، بەڵام لە ژێر ناوی یەک لیستی کوردستانی نەبێت بەهیچ شێوەیەکیتر و بە لیستی جیاواز بەشداری هەڵبژاردن ناکەین و یاری بە چارەنوسی خەڵک و خاکەکەیەوە ناکەین، بۆیە داوای لێبوردنتان لێدەکەین" لاھور شێخ جەنگی وادەڵێت.

پەیامەکەی بە ڤیدیۆ