دادگای فیدراڵی عێراق تانەدان لە دوو دەستەواژەی یاسای بوودجەی لە بەرژەوەندیی مەسرور بارزانی یەکلا کردەوە
پەرەگراف
دادگای فیدراڵی عێراق داوایاساییەکەی مەسرور بارزانی یەکلاکردەوە کە تانەی لە ژمارەیەک ماددەو بڕگەی یاسای بوودجەی عێراق دابوو، دادگاکە دوو دەستەواژەی یاسای بوودجەی لەبەرژەوەندیی مەسرور بارزانی هەڵوەشاندەوەو تانەکانی دیکەی ڕەتکردنەوە.
دادگاکە بڕیاریدا بە نادەستووریبوونی هەردوو دەستەواژەی (بە رەزامەندی سەرۆکوەزیرانی عێراق) لە بڕگەی یەکەمی ماددەی 11ـی یاسای بودجە و دەستەواژەی (لەکاتی چارەسەرنەکردنی کێشەکە، پەرلەمانی عێراق بڕیاری پێویست بدات) لە بڕگەی حەوتی ماددەی 13ـی هەمان یاسا.
بڕگەی یەکەمی ماددەی ١١ تایبەتە بە ناردنی پشکی هەرێم لە خەرجی حاکیمە و دادگای فیدراڵی ئەوەی هەڵوەشاندەوە کە پێویست بە ڕەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق بکات بۆ ناردنی ئەو پشکە، بەوەش وەزارەتی دارایی عێراق ڕاستەوخۆ دەبێت پشکەکە بنێرێت، بڕگەی حەوتی ماددەی ١٣ش تایبەتە بە چارەسەرکردنی کێشە لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق، دادگای فیدراڵی ئەوەی هەڵوەشاندەوە کە لەکاتی چارەسەرنەکردنی کێشەدا پەرلەمانی عێراق دەستتێوەردان بکات و بڕیاری لەبارەوە بدات، بەوەش هەر کێشەیەک لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراقدا ڕووبدات دەبێت خۆیان یەکلایی بکەنەوە.
هاوکات دادگای فیدراڵی تانەکانی دیکەی مەسرور بارزانی لە ٨ لق و بڕگەی چوار ماددەی دیکەی یاسای بوودجە ڕەتکردەوەو بە دەستووریی لەقەڵەمیدان، ئەوانیش بریتی بوون لە؛
لقی ب لە خاڵی پێنجی بڕگەی یەکەمی ماددەی دوو، کە تایبەتە بە خەرجکردنى رێژەی 70%ـی داهاتى زیادەى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت بۆ کورتهێنانى بودجە و خەرجکردنى 30%ـی ئەو زیادەى داهاتى نەوتە بۆ شایستەى دارایی دواکەوتووی پارێزگاکان.
بڕگەی دووی مادەى 11 کە تایبەتە بە دیاریکردنى بڕی شایستەى دارایی هەرێمى کوردستان لە بودجەدا.
لقی ئەلف، ب، ج، د، ه، لە بڕگەى دووەمى ماددەی 12 کە تایبەتن بە رادەستکردنى نەوت و شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوت و رادەستکردنى داهاتى نانەوتى و خەرجکردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجە بەگوێرەى پابەندى بە رادەستکردنى نەوت و داهات.
لقی ب لە بڕگەى هەشتەمی مادەى 13 کە تایبەتە بەوەی ئەگەر حکومەتی هەرێم کاری لە پێشینەی خەرجکردنی بودجەی بۆ دابەشکردنی مووچەو پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە پارێزگاکانی هەرێم نەبێت، ئەوا سەرۆکوەزیرانى عێراق پێویستە ڕێکاری پێویست دەگرێتەبەر بۆ ئەو مەبەستە.