مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی گردبوونەوەیان ئەنجام دا و سێ‌ داواكارییان خستە ڕوو

07-08-2023 11:32

پەرەگراف

ئەنجوومەن و ستافی ناڕازیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی، دەسەڵات لە هەرێمی كوردستاندا بە ‏‏"دەسەڵاتێكی تاڵانكار" وەسف دەكات و دەڵێت "ئەم جۆرە دەسەڵاتەش كار لەسەر بەكۆیەلەكردنی‎ ‎كۆمەڵگا دەكات و ‏یەكێكیش لە میكانیزمەكانی كۆیلەكردن، هەژاركردنی كۆمەڵگایە". بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو سیاسەتی ‏بەكۆیلەكردنەش، ئەنجوومەنەكە ئەمڕۆ "ڕۆژی سلێمانی بۆ كۆتاییهێنان بە كۆیلایەتی"ی ڕاگەیاند و داوای ‏‏"هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی" لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات.‏

مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی زانكۆی سلێمانی ئەمڕۆ لە گردبوونەوەیەكدا ژمارەیەك داواكارییان خستە ڕوو ‏كە دیاترینیان بریتییە لە "پێدانی مووچە هەموو 30 ڕۆژ جارێك و لە هەمان بەروارەكانی دابەشكردنی مووچە ‏لەلایەن حكومەتی ناوەنی عێراقەوە".‏

دوو داواكاریی دیكەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی زانكۆی سلێمانی "دیاریكردنی میكانیزمێكی كرداریی ‏دادگەرانە بۆ گەڕاندنەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان و دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی وەزارەتە ‏خزمەتگوزارییەكان هاوتای هێزە چەكدارەكان و هەندێك چین و توێژی دیكەی ناو حكومەت"ن.‏

ئەنجوومەن و ستافی ناڕازیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی دەڵێت "پاشەكەوتكردن و لێبڕینی بەشێك ‏لە مووچەی فەرمانبەران و وەستاندنی پلەبەرزكردنەوەی وەزارەتە خزمەتگوزارییەكان، بە زۆرەملێ و نایاساییانە، ‏ئامڕازەكانی هەژاركردنی كۆمەڵگان".‏

هەروەها ئاماژەیان بەوە كرد، سەرباری ئەوەش بە "نایاسایی" چەندان جۆر باج و ڕسوومات زیاد كراون، ئەمەش ‏بووەتە هۆی ئەوەی "لە نێوان ساڵەكانی ئابووریی سەربەخۆ و ئێستادا، توانای كڕینی هاوڵاتییان، بەنزیكەیی، بە ‏ڕێژەی ٥١% دابەزیوە".‏