ئەو شوێنە گەشتیارییانەی هاووڵاتی و گەشتیاریان تێدا خنكاوە، دادەخرێن

07-08-2023 09:51

پەرەگراف

بە بڕیاری وەزیری ناوخۆی هەرێم، ئەو شوێنە گەشتیارییانەی كە لە ماوەی ڕابردوودا هاووڵاتی و گەشتیاریان تێدا ‏خنكاوە، دادەخرێن. هەڵمەتی داخستنی ئەو شوێنانە و لێدانی شریتی سوور ‏بۆ قەدەغەكردنی مەلەكردن تێیاندا دەستی پێ‌ كردووە.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت "دوای زیادبوونی ڕووداوەكانی خنكانی ‏هاووڵاتیان و گەشتیاران لە ڕووبار و دەریاچە، زێ، چەمەكان، لە وەرزی هاویندا، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ، ‏بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرگریی شارستانی و پۆلیس ئەو شوێنە گەشتیارییانە دادەخەن كە لە ماوەی ڕابردوو ‏هاووڵاتییان و گەشتیاران لێیان خنكاون و مەترسیدارن بۆ مەلەكردن".‏

وەزارەتەكە ڕایگەیاندووە، ئامانج لەو بڕیارە "كەمكردنەوەی دەرفەت و ئەگەرەكانی قوربانیی زیاتر"ـە.‏

هاوكات ئاماژەی بەوەش كردووە كە دەستەی گشتی گەشتوگوزار و دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە و ‏فەرمانگەی میدیا و زانیاری و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەكان و دامەزراوە پەیوەنددارەكانی دیكە، ‏هەڵمەتی ئاگاداركردنەوە و هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان و گەشتیاران بۆ خۆپاراستن لە مەلەكردن لەو شوێنە ‏مەترسیدارانە دەست پێ دەكەن‎.‎

‏"داوا لە هاووڵاتییانی ئازیز و گەشتیاران و كۆمپانیاكانی گەشتوگوزار دەكەین كە پابەند بن بە دووركەوتنەوە لەو ‏شوێنانەی شریتی سووری لێ دراوە و هێما و تابلۆكانی قەدەغەكردنی مەلەی لێ هەڵواسراوە. ئەو شوێنانە ‏مەترسیدارن و بە هیچ شێوەیەك ناكرێت مەلەی تێدا بكرێت و بۆ مەلەكردن ناشێن و ڕێگاپێدراو نین"، ڕاگەیاندنی ‏وەزارەتی ناوخۆ وا دەڵێت.‏

ڕۆژانە هەواڵی خنكانی هاووڵاتی و گەشتیار لە ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێم بڵاو دەبێتەوە، نوێترین ‏گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتییە لە دوو كاتی جیادا و لە یەك شوێن لە ماوەی كەمتر لە یەك هەفتەدا، ئەویش ‏خنكانی هاووڵاتییەكی شاری هەولێر و گەنجێكی دانیشتووی ڕانیە بوون لە كاتی مەلەكردن لە دەربەندی ڕانیە.‏