گەنجێك بە بۆردوومانی فڕۆكەی توركیا گیانی لەدەست دا

06-08-2023 11:17

پەرەگراف

فڕۆكەی توركیا لە گوندێكی ناحیەی چەمانكێ‌ بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێكی هاووڵاتیانی مەدەنیی كرد، بەهۆیەوە كەسێك گیان لەدەست دا و كەسێكیش بە سەختی بریندار بووە. ئەمڕۆ تورکیا سێ ناوچەی هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کردووە و زیانی گیانی و ماددیی لێ کەوتووەتەوە.

بۆردوومانەكەی چەمانکێ دەوروبەری كاتژمێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجام دراوە، لە ئاكامدا گەنجێك بە ناوی ئالان ئیسماعیلی تەمەن 24 گیانی لەدەست داوە و هاووڵاتییەكی دیكەش بە سەختی بریندار بووە.

شایەتحاڵێكی ڕووداوەكە دەڵێت "دوو سێ‌ جار ناوچەكە بۆردوومان كراوە و ئۆتۆمبێلی ئەو هاووڵاتیانە كراوەتە ئامانج".

ئەمە لە كاتێكدایە هەر ئەمشەو توركیا چەند جارێك گوندی گوهەرزی سەر بە ناحیەی دێرەلووكی بە سەختی بۆردوومان كرد و زیان بە ماڵی هاووڵاتییەکی گوندەکه گەیشتووە.

بەیانیی ئەمڕۆیش فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا لە سنووری ئاخجەلەر بۆردوومانی بارەگایەكی پەكەكەی كرد. هێرشەكە كوژراو و برینداری لێ‌ كەوتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ڕووداوەكە بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "بۆردوومانەكە لە دەوروبەری كاتژمێر 8:30 خولەكی بەیانیی ئەنجام دراوە، تێیدا فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا بۆردوومانی مقەڕێكی گەریلاكانی پەكەكەی لە گوندی چنارتوو لە سنووری ناحیەی ئاخجەلەر كردووە".

بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە "بۆردوومانەكە ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێ‌ كەوتووەتەوە، بەلای كەمەوە كەسێك گیانی لەدەست داوە و كەسێكیش بریندار بووە".

فڕۆکەی تورکیا ڕۆژانە و بە بەردەوامی لەناو قووڵایی خاکی هەرێمدا بۆردوومان دەکات، زۆربەی جار ئۆتۆمبێل و بارەگای گەریلاکانی پەکەکە و هەندێک جاریش هاووڵاتیانی مەدەنی دەکاتە ئامانج.

پێشتر لە ئێوارەی ٢٨-٧-٢٠٢٣، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە سنووری گوندی ڕەنگێنەی دەڤەری شارباژێڕی سلێمانی، بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی کرد، بەهۆیەوە چوار سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە کە ئافرەت بوون، گیانیان لەدەست دا.

هەرچەندە ناسنامەی کەسەکان ئاشکرا نەکرا، بەڵام هەندێک سەرچاوە باسیان لەوە کرد کە ئەو کەسانەی کراونەتە ئامانج، گەریلای پەکەکە بوو و بۆردوومانەکەیش لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە ئەنجام دراوە.