پەرەگراف
وەزارەتی گەیاندنی عێراق بڕیاری دا كاركردنی ئەپلیكەیشنی تەلەگرام لە عێراق قەدەغە بكات. وەزارەتەكە ڕایدەگەیەنێت "بڕیارەكە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و پاراستنی داتا كەسییەكانی هاووڵاتیاندایە".
ئەمڕۆ وەزارەتی گەیاندنی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد، لەسەر داوا و پێشنیازی دەسەڵاتە باڵاكان و پەیوەندیدارەكانی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بڕیاری داوە بە قەدەغەكردنی تەلەگرام.
پاساوی وەزارەتەكە بۆ قەدەغەكردنی تەلەگرام، ئەوەیە كە "لە ڕێگەیەوە داتاكانی دامودەزگا فەرمییەكان و زانیاریی كەسیی هاووڵاتییان دزەی پێ كراوە".
"دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی دەوڵەت، چەندین جار داوایان لە ئیدارەی تەلەگرام كردووە كە هاوكار بن لە داخستنی ئەو سەكۆ و شوێنانەی هۆكارن بۆ دزەپێكردنی داتا و زانیارییەكانی دامودەزگا فەرمییەكان و زانیاریی كەسیی هاووڵاتییان، بەشێوەیەك كە مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و ئاشتیی كۆمەڵگە دروست كردووە، بەڵام كۆمپانیاكە وەڵامی نەداوەتەوە و هیچ یەكێك لەو داواكارییانەی جێبەجێ نەكردووە"، وەزارەتی گەیاندنی عێراق وا دەڵێت.
وەزارەتی گەیاندنی عێراق جەخت دەكاتەوە كە ڕێز لە مافی هاووڵاتیان و ئازادیی ڕادەبڕین و گەیاندن دەگرن، بەڵام "بەبێ ئەوەی دەست بۆ ئاسایشی دەوڵەت و دامودەزگاكانی ببرێت"، هەر بۆیە متمانەیان بەوەیە كە "هاووڵاتییان لەو ڕێكارە تێدەگەن".