پەرەگراف
فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا لە سنووری ئاخجەلەر بۆردوومانی بارەگایەكی پەكەكەی كرد. هێرشەكە كوژراو و برینداری لێ كەوتووەتەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ڕووداوەكە بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "بۆردوومانەكە لە دەوروبەری كاتژمێر 8:30 خولەكی بەیانیی ئەمڕۆ ئەنجام دراوە، تێیدا فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا بۆردوومانی مقەڕێكی گەریلاكانی پەكەكەی لە گوندى چنارتوو لە سنوورى ناحیەى ئاخجەلەر كردووە".
بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە "بۆردوومانەكە ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێ كەوتووەتەوە، بەڵام ئاشكرا نەبووە قوربانییەكان چەند كەسن".
لە ئەنجامی بۆردوومانەكە، ئاگر لە ناوچەكە كەوتووەتەوە، بەڵام هەر زوو لەلایەن تیمەكانی بەرگریی شارستانیی ئاخجەلەرەوە كۆنترۆڵ كرا.
پەیجی فەرمیی دژەتیرۆری کوردستان (دژەتیرۆری پارتی) لەبارەی بۆردوومانەکەوە دەڵێت "ئۆتۆمبێلێکی پەکەکە کراوەتە ئامانج، بەرپرسێکی سەربازیی پەکەکە کوژراوە و چەکدارێکیش بریندار بووە".