ئێران داوای چەككردنی حیزبەكانی ڕۆژهەڵات لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات

05-08-2023 03:25
کۆبوونەوەى نێوان باڵیۆزى ئێران و نێردەى سکرتێرى نەتەوە یەکگرتووەکان

پەرەگراف

ئێران هەوڵە دیبلۆماسییەكانی دژی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان چڕ كردووەتەوە و داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات هاوكاریی بكات بۆ لەچەكداماڵینی ئەو حیزبانە لەناو خاكی هەرێم. باڵیۆزی ئێران لە عێراق داوای لە نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە "ئەوپەڕی هەوڵی خۆی" بۆ ئەو مەبەستە بدات.

ئاژانسی فەرمیی هەواڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران (ئیرنا) بڵاوی كردەوە "محەمەد كازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، لە دیدارێكدا لەگەڵ جینین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق، داواكاریی لەچەكداماڵینی گرووپەكانی ناو خاكی هەرێمی كوردستانی خستووەتە ڕوو".

ئاژانسەكە ئاماژەی بەوە كردووە، باڵیۆزی ئێران لە كۆبوونەوەكەدا "دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكان"ی لەگەڵ پلاسخارت تاووتوێ‌ كردووە و "جەختی لە پێویستیی چەككردنی گرووپەكانی ناو خاكی هەرێم و بەرقەراركردنی ئاسایش لە سنوورەكانی ئێران" كردووەتەوە.

كەمتر لە مانگێك لەمەوبەریش سەرۆك ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران جارێكی دیكە هەڕەشەی هێرشكردنە سەر حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی لەناو خاكی هەرێم كرد و ڕایگەیاند "دوامۆڵەت بۆ چەككردنیان مانگی ئەیلوولی ئەمساڵە".

محەمەد باقری وتی "ئەگەر حكومەتی عێراق تاوەكوو مانگی ئەیلوول بەڵێنەكانی لەبارەی ئەو حیزبە چەكدارانەی لە باكووری عێراق هەن، جێبەجێ نەكات، ئۆپەراسیۆنی بەهێزتر لە جاران لە دژی ئەو گرووپانە دووبارە دەكەینەوە".

داواكارییەكەی باڵیۆزی ئێران لە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان، پاش ئەوە دێت كە یەكشەممەی ڕابردوو جینین پلاسخارت سەردانی تارانی كرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران لەنێوانیاندا وەزیری دەوەوە، كۆبووەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا دەڵێت، پلاسخارت لە كۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە عێراق، سەفەرەكەی بۆ ئێران بە "ئەرێنی" وەسف كردووە و "خوازیاری بەردەوامیی هاوكارییە ئەمنییەكانی نێوان ئێران و عێراق بووە".

لە سەردانەکەى نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاران، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ پلاسخارت، بەرقەراركردنی ئاسایشی سنووری نێوان ئێران و عێراقی بە "گرنگ" وەسف كرووە و جەختی لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات كردووەتەوە.