منداڵی خاوەن نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی هاوکاریی سێ کەس دەکات بۆ دزیکردن لە باوکی
پەرەگراف
پۆلیسی سلێمانی سێ تۆمەتباری دەستگیركرد کە بە هاوکاریی منداڵی خاوەن نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو دزییان لە نووسینگەکە کردووە.
پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند "لەساتی گەڕان و دەرچوونەکانی مەفرەزەكانی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی بۆناوبازاڕ و گەڕەكەكانی شاری سلێمانی، لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوبازاڕ و بەهاوكاری نوسینگەی كوردساتی نەهێشتنی تاوان سێ تۆمەتبار لەساتی بڕینی نوسینگەیەكی حەواڵەی دراو دەستگیركران و دەستیشگیرا بەسەر بڕی 40 ملیۆن دینارو ژمارەیەكی زۆر كارتی هێڵەكانی پەیوەندی و ئینتەرنێت".
"لەكاتی لێكۆڵینەوەكان دەركەوت كە منداڵێكی خاوەن نوسینگەكە هاوكاری تۆمەتباران بووە بۆ بڕینی نوسینگەكە" پۆلیس وادەڵێت.
تۆمەتبارەکان ئافرەتێک و دوو کوڕن کە یەکێکیان تەمەنی ٣٧ ساڵ و دوانەکەی دیکە ٢٢ ساڵن.
لە ئێستادا هەرسێ تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 443 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.