ئەمەریکاو وڵاتانی ئەوروپا پێشوازیی لە دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن
پەرەگراف
ئەمەریکاو وڵاتانی ئەوروپا پێشوازیی لە دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، داوای "ھەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەرانەو لەکاتی خۆیدا" دەکەن.
ئەلینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، لە تویتێکدا پێشوازیی لە بڕیارەکەی سەرۆکی ھەرێم دەکات بە دیاریکردنی 25ی شوباتی2024 وەک رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
باڵیۆزی ئەمەریکا دەڵێت "هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەر و لە کاتی خۆیدا زۆر پێویستە بۆ هەر دیموکراسییەکی تەندروست".
ھاوکات بەریتانیاو وڵاتانی ئەوروپاش لەناویاندا ئەڵمانیا، ھۆڵەندا، فەرەنساو ئیتاڵیا بە ھەمانشێوە پێشوازیی لە دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن دەکەن و داوا دەکەن، لایەنەکان کە بە شێوەیەکی بنیاتنەر بەشداری بکەن و دڵنیابن لەوەی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا بە شێوەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە بەڕێوەدەچن.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی ١٠ی ٢٠٢٢ بەڕێوە بچێت، سەرەڕای دوو جار دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوەو فشاری ناوخۆیی و دەرەکیی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پڕۆسەکە ئەنجام نەدرا.
لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە.