پەرەگراف
د.یوسف محەمەد نامەیەك بۆ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەنێرێتو تێیدا چەند داواكارییەكی ئاڕاستە دەكات لەبارەی دۆخی ناوچەكانی جێناكۆكو مەترسییە ئەمنییەكانو كێشەی جوتیارانی كورد، هاوكات بە نیگەرانییەوە سیاسەتێكی "چەوت"ی كورد لە بەغداد دەخاتە ڕوو.
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لە نامەكەیدا داواكارییەكانی بە چەند خاڵێك خستووەتە بەردەم سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرەتا داوای دانانی پلانی تۆكمە دەكات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گروپی تیرۆریستیی داعش و پاراستنی هاونیشتیمانیانو دروست كردنەوەی هەماهەنگی لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و كۆی مەنزومەی چەكداری و ئەمنیی ئیتیحادی، "نەك سەنگەر لەیەكگرتنیان لە هەندێ ناوچە كە هیچ كێشەی ئەمنیی تیانییە".
یوسف محەمەد لە خاڵێكی دیكەدا داوای دروستكردنەوەی لیژنەی حكومیی مادەی ١٤٠ و بەردەوام بونی ڕێكارەكانی جێبەجێ كردنی ئەو مادە دەستورییە دەكات، هەروەها دروستكردنی خانەی قەیران لە هەمو قەزاكانی ناوچە جێناكۆكەكان بۆ پاراستنی بەروبومی جوتیاران و قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتوەكانو بەسزا گەیاندنی ئەوانەی لە ڕێی سوتاندنی گەنمی جوتیاران هەوڵی نانەوەی ئاژاوەی ئیتنی و تایەفی دەدەن.
ئەو نامەیەی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە كاتێكدایە دۆخی ئەمنیی ناوچەكانی جێناكۆك لە مەترسیدایەو جموجوڵی چەكدارانی داعش زیادی كردووەو ڕۆژانە چالاكیی تیرۆریستییان هەیە، هەروەها بەرهەمی بەروبومی دانەوێڵەی جوتیارانی كورد لەو ناوچانە لەبەردەم مەترسیدانو تا ئێستا سەدان دۆنمیان لێ سووتێندراوەو زیانی زۆر بە جوتیاران گەیشتووە.
یوسف محەمەد لە خاڵێكی دیكەی نامەكەیدا، داوای ئاسایی كردنەوەی دۆخی ئیداریی ناوچە جێناكۆكەكانو ئیدارەدانی ئەو ناوچانە بە شەراكەتی ڕاستەقینەی سەرجەم پێكهاتەكانو هێنانەكایەی هاوسەنگی لە دامەزراندن سەرباری ڕەچاوكردنی پێوەری لێهاتویی دەكات.
هەروەها وەستاندنی سیاسەتی تەعریب و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ڕژێمی پێشو سەبارەت بە تەعریب، بەتایبەت كوژاندنەوەی زەویی كشتوكاڵیی جوتیارانی كورد و توركمان یان گواستنەوەی موڵكدارێتیی بۆ خەڵكی پێكهاتەكانی تر كە لە ناوچەكانی تری عێراقەوە هێنراون، خاڵێكی دیكەی داواكارییەكانی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانە.
هاوكات یوسف محەمەد ڕووەو سەركردایەتی كوردو فراكسیۆنە كوردییەكان دەڵێت "دەبو هەمو شەڕەكانمان لە بەغدا لە پێناوی قوت و موچەی خەڵك و دۆخی هاونیشتیمانیانمان لە ناوچە جێناكۆكەكان بوایە، نەك پێداگری لەسەر دانانی شەخس لە پۆستی باڵا كە بەداخەوە تائێستا ئەم سیاسەتە چەوتە بەردەوامە".