نێچیرڤان بارزانی ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ی وەک ڕۆژی ھەڵبژاردن دیاری کرد

03-08-2023 04:33

پەرەگراف

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێم بڕیاری دا بە دیاریکردنی 25ی شوباتی 2024 وەک رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

وتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، دیاریکردنی ئەو ڕۆژە دوای راوێژ و گفتوگۆ بووە لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، وتیشی "دڵنیاتان دەکەمەوە هەموو لایەنەکان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو رۆژەدا یەکدەنگن".

دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن دوای ئەوەدێت پێشتر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە وەڵامی سەرۆکایەتی هەرێمدا ڕایگەیاند، ناتوانن پێش ١٨-٢-٢٠٢٤ هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببەن و، پێشنیاری کرد ئەو ڕۆژە یان ڕۆژانی دواتر هەڵبژاردنەکە بکرێت.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی ١٠ی ٢٠٢٢ بەڕێوە بچێت، سەرەڕای دوو جار دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوەو فشاری ناوخۆیی و دەرەکیی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پڕۆسەکە ئەنجام نەدرا.

لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆپەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە.