نۆ ساڵ بەسەر كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان تێدەپەڕێت؛ ململانێی پارتی و پەكەكە لە شنگال بەردەوامە
پەرەگراف
نۆ ساڵ بەسەر كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان و داگیركردنی شنگال لەلایەن داعشەوە تێدەپەڕێت، بەهۆی ململانێی پارتی و پەكەكەوە تا ئێستا شنگال ئاوەدان نەكراوەتەوە و زۆرینەی دانیشتووانەكەی لە ئاوارەییدا دەژین. ئێزیدییەكانیش بەسەر ئەو دوو بەرەیەدا دابەش بوون.
لە هەولێر مەراسیم بۆ یادەكە ڕێكخراو و بەرپرسانی پارتی داوای چوونە دەرەوەی پەكەكە لە شنگال دەكەن و بە "بەڵا و هۆكاری ناسەقامگیری" لە شنگال ناوی دەبەن. خۆبەڕێوەبەریی شنگال و ئێزدییەكانی نزیك لە پەكەكەش لە بەغداد كۆنفراسێكیان ئەنجام دا و داوای "پەسەندكردنی خۆبەڕێوەبەریی شنگال"یان لە عێراق كرد، هەروەها هێزەكانی پارتی و عێراقیان بەوە تۆمەتبار كرد كە "گەلی شنگالیان بەتەنیا جێهێشت". لەو نێوەندەدا یەكێتیش پێی وایە "ئێزدییەكان دەكرێنە قوربانیی ململانێ سیاسییەكان".
نۆ ساڵ لەمەوبەر داعش هێرشی كردە سەر شنگال و داگیری كرد. بەهۆیەوە هەزاران هاووڵاتیی ئێزدی كوژران و هەزاران ژن و كچیش لەلایەن داعشەوە ڕفێندران، دانیشتوانەكەیشی ئاوارەی ناوچەكانی دیكەی عێراق و هەرێمی كوردستان بوون.
لە نۆیەمین ساڵیادی ڕووداوەكەدا، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات، دەڵێت "دوای نۆ ساڵ لە تێپەڕینی كارەساتی شنگال، بەداخەوە برینەكانی شنگال ساڕێژ نەكراون و ئازار و نەهامەتی و ئاوارەیی خوشك و برایانی ئێزیدی هەر بەردەوامە".
مەسعود بارزانی، ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بۆ "ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان"، بە "باشترین چارەسەر" ناو دەبات بۆ ئەوەی "كۆتایی بە نەهامەتی و ئازارەكانی خەڵكی شنگال بهێندرێت".
سەرۆكی پارتی دەشڵێت "جێگەی پرسیارە بۆچی هەتا ئێستا حكوومەتی عێراقی نەیتوانیوە ڕێككەوتننامەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ بكات، تا كەی حكوومەتی عێراق بوار بەو هێز و لایەنانە دەدات كە ڕێگری لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال بكەن؟".
لە مەراسیمێكیشدا كە ڕێكخراوی یەزدا لە هەولێر بۆ ساڵیادەكە ڕێكی خستبوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وتی "ئەو جینۆساید و كارەساتە بەلای ئێمەوە هێشتا كۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە. هێشتا ژمارەیەكی زۆر لە ژن و منداڵ و پیاوانی ڕفێندراوی ئێزدی، بێسەروشوێنن".
نێچیرڤان بارزانی ئاماری قوربانیانی خستە ڕوو و وتی "زیاتر لە پێنج هەزار ئێزدی لەلایەن داعشەوە شەهید كران، (٤٠٠) كەس پێكەوە لە گوندی كۆجۆ كۆمەڵكوژ كران. تا ئێستا (٨٣) گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە، هێشتا (١٣٥) هەزار ئاوارەی ئێزدی لە كەمپەكانن و (١٨٩) هەزاریش لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوبوونەتەوە. دوو هەزار و ٧٤٥ منداڵ بێ دایك و باوك بوون. ئەمە جگە لە هەزاران ئێزدی كە ئاوارەی ئەورووپا و وڵاتان بوون".
سەبارەت بە ئاماری بێسەروشوێنان و ڕزگارگراونیش، سەرۆكی هەرێم وتی "هەزار و ٢٤٤ كچ و ژن و هەزار و ٤٠٢ پیاو و گەنجی ڕفێندراوی ئێزدی بێسەروشوێنن. تا ئێستا هەزار ٢٠0 ژن، ٣٣٩ پیاو، دوو هەزار و ٢٣ منداڵ ڕزگار كراون".
نێچیرڤان بارزانی لە وتارەكەیدا سەرەڕای ئەوەی داوای جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شەنگالی كرد، داوایشی كرد "هەموو ئەو هێزانەی خەڵكی شەنگال نین، ناوچەكە بەجێ بهێڵن و بەڕێوەبردن و پاراستنی شەنگال بدرێتە دەست خەڵكی دەڤەری شەنگال و دەسەڵاتێكی یاسایی".
"دەبێ هێزەكانی سەر بە پەكەكە و هەموو ئەو هێزانەی لە دەرەوە هێنراون، ناوچەكە بەجێ بهێڵن. ئەو هێزانە تەنیا بەڵا و نائارامی و ناسەقامگیریان بۆ شنگال و ئێزدییەكان دروست كردووە و برینەكانیان قووڵتر كردووەتەوە"، نێچیرڤان بارزانی وای وت.
تا ئێستا ئەوەی لە شنگال بەسەر ئێزدییەكان هێنرا، لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە بە كۆمەڵكوژی نەناسێنراوە و قەرەبووی كەسوكارەكانیان نەكراوەتەوە، بەڵام چەندین دەوڵەت بە كۆمەڵكوژییان ناساندووە كە دوایەمینیان حكومەتی بەریتانیا بوو، ڕۆژی یەكی ئەم مانگە بە جینۆساید ناساندی.
غەزال ڕەشۆ، هاوسەرۆكی لیژنەی دیبلۆماسی لە ئیدارەی خۆسەری شەنگال، دەڵێت "تا ئێستا ١٣ دەوڵەتی جیهان كۆمەڵكوژیی شنگالیان وەكوو جینۆساید ناساندووە، بۆیە دەبێت حكومەتی عێراقیش هەرچی زووە ئەو تاوانە بە جینۆساید بناسێنێت".
ئەمڕۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شنگال و ڕێكخراو و هاووڵاتییە ئێزدییەكانی نزیك لە پەكەكە، لە بەغداد كۆنفرانسێكیان لەژێر دروشمی "خۆبەڕێوەبردن زامنی مافی پێكهاتەكانە لە عێراق"، بۆ نۆیەمین ساڵیادی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان ڕێكخست
لە وتاری كردنەوەی كۆنفرانسەكەدا، غەزال ڕەشۆ، هاوسەرۆكی لیژنەی دیبلۆماسی لە ئیدارەی خۆسەری شەنگال، وتی "دەبێت لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دان بە خۆبەڕێوبەریی شنگالدا بنرێت، بە شێوەیەكی فەرمی وەكوو ئیرادە و دەنگی شەنگال مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت".
هەروەها نایف شەمۆ، هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی ئیدارەی خۆسەری شەنگال، وتارێكی پێشكەش كرد و هێزەكانی حكومەتی عێراق و پارتیی دیموكراتی بەوە تۆمەتبار كرد كە "لە كاتی فەرمانی گەلی شەنگال، گەلی ئێزدییان بە تەنیا جێهێشت بۆ گرووپێكی چەتە و دڕندەی وەكوو داعش".
نایف شەمۆ بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئێزدییەكان ڕووبەڕووی هێرشێكی لەو شێوەیە نەبنەوە، وتی "ئێمە دەمانەوێت خۆبەڕێوەبەریی خۆمانمان هەبێت، خۆمان بپارێزین".
لە نۆیەمین ساڵیادی كۆمەڵكوژیی شنگالدا، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی، دەڵێت "نەك هیچ هەنگاوێكی كردەیی بۆ قەرەبووكردنەوەی خوشك و برایانی ئێزدی نەنراوە، بەڵكوو دەكرێنە قوربانیی ململانێ سیاسییەكان و شەنگالی خۆشەویستیش كە زێدی ئەوانە، وەكوو وێرانەی دوای جەنگ ماوەتەوە".
بافڵ تاڵەبانی جەخت دەكاتەوە كە "ناكرێت دڵسۆزی و وەفاداری بەرامبەر كوردانی ئێزدی تەنیا لە دروشمدا بمێنێتەوە، دەبێت هەمووان بەشێك بین لە گەڕانەوەی هیوا بۆ خوشك و براكانمان، نەك قووڵكردنەوەی برینەكانیان".
سەرۆكی یەكێتی داوایش لە حكومەتی عیراق دەكات "ئەرك و بەرپرسیارێتیی یاسایی و مرۆیی خۆی بەرامبەر ئێزدییەكان بەجێ بهێنێت و چیتر لە قەرەبووكردنەوەی ئێزدییەكان و ئاوەدانكردنەوەی شەنگال كەمتەرخەم نەبێت".