دابەشکردنی مووچە دەستی پێکرد؛ وەزارەتی دارایی: ئەو پارەیەی نێردراوە پێچەوانەی یاسای بودجەو ڕێککەوتنەکانە

03-08-2023 12:36

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی ھەرێم ڕایگەیاند: ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچە بە وەزارەتی تەندروستی دەست پێ دەکات و خشتەی سەرجەم وەزارەتەکان ڕادەگەیەنرێت.

وەزارەتەکە ڕەخنەی تووند لە حکومەتی عێراق دەگرێت و دەڵێت پابەند نەبووە بە ڕێککەوتنەکان، "ئەو بڕە پارەیەی نێردراوە پێچەوانەی یاسای بودجەو هەموو ئەو ڕێکەوتنانەیە کە لەنێوان هەردوولا ئەنجام دراوە".

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە

کاتژمێر ( ٣٠؛٩ ) بەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ( ٢٠٢٣/٨/٣ ) بڕی  ( ٥٩٨ ) ملیار دینار لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق  ڕادەستیوەزارەتی دارایی هەرێم کراو ڕەوانەی بانکەکان کرا بەمەبەستی دابەشکردنی مووچە، هەر ئەمڕۆش دابەشکردنی مووچە بەوەزارەتیتەندروستی دەست پێ دەکات و خشتەی سەرجەم وەزارەتەکانیش ڕادەگەیەنرێت و ئەو کورتهێنانەشی دروست بووە لە داهاتی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە.      

شایەنی باسە هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بەزیاتر لە ٩٤٠ ملیار دینارە تەنها بۆ مووچە، ئەوە جگە لە خەرجی بەکاربردن و دام ودەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا.    

بۆ هەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە کەحکومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی عێراق بەهیچ جۆرێک پابەند نەبوون بە ڕێکەوتنی نێوانهەرێم و بەغدادو جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق.        

ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسای بوجە مانگانە زیاتر لە ١ ترلیۆن ٣٨٤ ملیار دینارە، تەنها بۆ مووچەیفەرمانبەران و خانەنشیان و پێشمەرگە مانگانە ٩٠٦ ملیار دینار لە یاساکە تەرخان کراوە.        

بەپێی ئینفاقی فیعلیش کە لە ئێستادا وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر بنەمای تێکڕای خەرجی مانگانە کاری پێدەکات پێویست بوو ١ ترلیۆنو ١٧٤ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، ئەو بڕە پارەیەی نێردراوە پێچەوانەی یاسای بودجەو هەموو ئەو ڕێکەوتنانەیە کەلەنێوان هەردوولا ئەنجام دراوە.