بەغداد پارەی نارد و بە زوویی دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت

02-08-2023 01:13

پەرەگراف

حكومەتی هەرێم ناردنی بڕێك پارەی لە بەغدادەوە ڕاگەیاند و بە زووترین کات دەست بە دابەشکردنى مووچە دەکرێت. وەزیری ئاوەدانكردنەوەی عێراق لە پشكی پارتییش دەڵێت "لە ڕۆژانی داهاتوودا كێشەكان چارەسەر دەكرێن و مانگەكانی دیكە دووباەر نابنەوە".

هەژماری فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەیسبووك بڵاوی كردەوە "بڕی 598 ملیار دینار لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە بۆ هەرێمی كوردستان نێردرا".

پاش گەیشتنى پارەکە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند "ئێمە بۆ دابینكردنی مووچە پێویستیمان بە ۹۱۲ ملیار دینارە كە لە عێراقەوە بێت، بەڵام نەك شایستەی دارایی نەنێردرا، تەنانەت پارەی پێویستی مووچەش نەنێردراوە".

وتەبێژی حكومەتی هەرێم وتیشى "سەرۆكوەزیران مەسروور بارزانی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا، وەزارەتی دارایی ڕاسپارد بە خێرایی خشتەی مووچە ڕابگەیەنن و دەست بە دابەشكردنی مووچە بكرێت، ئەو كورتهێنانەشی هەیە پڕ بكرێتەوە".

پێشتر هەر ئەمڕۆ، بەنگین ڕێكانی، وەزیری ئاوەدانكردنەوەی عێراق لە پشكی پارتی، سەبارەت بە ناردنی بودجەی هەرێم قسەی بۆ میدیا كوردییەكان كرد و وتی "هەندێك كێشەی تەكنیكی و تێنەگەیشتن لە حیسابات و ژمارەكاندا (لە نێوان هەرێم و بەغداد) هەیە، ئەمڕۆ شتێك پارە بۆ هەرێم دەنێردرێت".

وەزیری ئاوەدانكردنەوەی عێراق لە پشكی پارتی جەختی كردەوە "كێشەی یاسایی و سیاسی بۆ ناردنی بودجەی هەرێم نەماوە و تەنیا كێشەی تەكنیكییە، ئەمڕۆیش شاندی هەرێم دێنەوە بەغداد و لە ڕۆژانی داهاتوودا كێشەكان چارەسەر دەكرێن".

بە قسەی بەنگین ڕێكانی، كێشەكانی پەیوەست بە بودجەی هەرێم هەر ئەم مانگەیە تا دەكەوێتە سەر پێی و "ئیتر مانگەكانی دیكە دووبارە نابنەوە".