وەزارەتی دارایی هەرێم: هیچ بڕە پارەیەك نەخراوەتە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی هەرێم
پەرەگراف
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت "تا ئەم ساتە هیچ بڕە پارەیەك لەلایەن حكومەتی عێراقەوە نەخراوەتە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی هەرێم و لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق".
ئێوارەی ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم بەرپرسیارانەمامەڵە لەگەڵ رێککەوتنی نێوانیان لەسەر بودجە دەکەن، ئەمڕۆ بەشێکمان لە شایستە داراییەکانی هەرێم کە لە یاسای بودجەدا هەیە رەوانەکرد.
وەزارەتی دەرایی هەرێم دەڵێت "لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و هیچ دام و دەزگایەكی حكومەتی عێراقەوە، هیچ شتێكی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە سەبارەت بەناردنی بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان".
دەقی ڕوونكردنەوەی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان:
ڕونكردنەوەیەك لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە. ئێوارەی ئەمڕۆ لەچەندین میدیاو كەناڵ و پەیجی سۆشیال میدیا هەواڵی ناردنی بودجەو مووچەو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بڵاو كرایەوە.
بۆ ڕای گشتی و سەرجەم دەزگاكانی راگەیاندنی ڕوون دەكەینەوە.
1- تا ئەم ساتە هیچ بڕە پارەیەك لەلایەن حكومەتی عێراقەوە نەخراوەتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی هەرێم و لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق.
2- لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و هیچ دام و دەزگایەكی حكومەتی عێراقەوە هیچ شتێكی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە سەبارەت بەناردنی بودجەو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.
3- هەر كات هەر بڕە پارەیەك خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی بەڕەسمی و شەفافانە كات و بڕەكەی ڕادەگەیەنین هەروەك پێشتر كردومانە.
4- تكاتان لێ دەكەین متمانە بەو كەناڵ و سایت و پەیجانە مەكەن كە ڕۆژانە نابەرپرسیارانە یاری بەهەست و سۆزی فەرمانبەران و مووچە خۆران دەكەن و هەواڵی ناڕاست و چەواشەكارانە لەسەر دابەشكردنی مووچە بڵاو دەكەنەوە.
5- بۆ دەستكەوتنی هەواڵی ڕاست و دروست لەسەر كاتی دابەشكردنی مووچەو هەر بابەتێكی تری فەرمی پشت بە ڕاگەیاندن و كەناڵە فەرمیەكانی حكومەت و وەزارەتی دارایی ببەستن.