لیژنەی وردبینی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگای کەرکوک دەست بە کارەکانی دەکات

01-08-2023 04:56
هۆڵی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك. وێنە؛ كەركوك ناو

پەرەگراف

لیژنەی وردبینی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگای کەرکوک دەست بە کارەکانی دەکات بۆ ئامادەکردنی تۆمارێکی خاوێن بۆ هەڵبژاردن، هەر هاوڵاتییەك لە تۆماری سەرژمێریی ساڵی 1957ـدا نەبێت یان نەتوانێت بەپێی كۆبۆنی خۆراكی پێش ساڵی 2003 بیسەلمێنێت كە دانیشتوی پارێزگاکەیە، ئەوا مافی دەنگدانی نابێت، جگە لەوانەی رێكارەكانی ماددەی 140ـی دەستور دەیانگرێتەوە.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە نوێنەریان ئامادە بکەن بە مەبەستی دروستکردنی لیژنەی وردبینیی، کە بەپێی یاسای هەڵبژاردن پێویستە بە هەماهەنگیی لەگەڵ (ناوخۆ، تەندروستی، داد، بازرگانی و پلاندانان) لەگەڵ نوێنەرانی هەموو پێكهاتەکانی كەركوك لە پەرلەمان، وردبینی بۆ تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای کەرکوک بکرێت لەسەر چەند بنەمایەك.

پەرلەمانتار دیلان غەفور نوێنەری کەرکوک لە پەرلەمانی عێراق بە پەرەگرافی وت، پەرلەمان وەڵامی کۆمسیۆنی داوەتەوەو ٦ ئەندامی دیاریکردووە بۆ لیژنەی وردبینیی تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک، "لیژنەکە بەمزووانە کۆدەبێتەوەو میکانیزمی کارکردنی دیاری دەکات".

ئەو پەرلەمانتارە کە خۆی دیاریکراوە بۆ ئەندامێتیی لە لیژنەکە، وتیشی "هەوڵی تەواو دەدەین تۆمارێکی خاوێن و جێی متمانەی هەموو لایەک ئامادەبکەین بۆ هەڵبژاردنەکە کە پڕۆسەیەکی گرنگە بەتایبەت بۆ شاری کەرکوک".

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ١٨ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت، دوای ئەوەی ماوەی ١٨ ساڵە لە کەرکوک و ١٠ ساڵە لە تەواوی عێراق نەکراوە، لە کۆتایی ٢٠١٩وە پەرلەمان کۆتایی بەکارەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان هێنا کە ئەوە یەكێك بوو لە داواكاری خۆپیشاندەرانی ئەوكاتی بەغدا و چەند پارێزگایەكی دیكە.

كەركوك شارێكی گرنگە بۆ كوردو چەقی ناوچە دابڕاوەكانە، لەدوای ساڵی 2003 كە ڕژێمی بەعس ڕووخا، هیچكات وەك ئێستا كورد بێدەسەڵات نەبووە لەو پارێزگایە، هەرچەندە زۆربەی لایەنەکوردستانییەکان داوای یەکڕیزیی و یەکلیستی دەکەن بە ئامانجی بردنەوەی زۆرینەی ئەو ١٦ کورسییەکەی بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکە دیاریکراوەو بەدەستهێنانەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، بەڵام هێشتا هیچ هاوپەیمانێتییەکی کوردیی پێکنەهێنراوەو ٦ی ئەم مانگە کۆتا وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانییەکانە.

هاوشێوەی کورد کەرکوک بۆ پێکهاتەکانی دیکەش گرنگەو عەرەب و تورکمان لە هەوڵی یەکڕیزیی و یەک دەنگیدان بۆ هەڵبژاردنەکە تا پێگەو سەنگی خۆیان بپارێزن، هەرئەوانیش گومانیان لە تۆماری دەنگدەران هەیەو لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردندا کە مانگی ئازاری ئەمساڵ لە پەرلەمان پەسەندکرا، وردبینیکردنی تۆمارەکەیان چەسپاندو تایبەتمەندییەکی جیاوازیان دا بە کەرکوک.

بەپێی یاسای هەڵبژاردن، لەسەر چەند بنەمایەک وردبینی بۆ تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک دەکرێت، بنەمای یەكەم ئەوەیە، ئەو هاوڵاتیانەی لەچوارچێوەی سەرژمێری ساڵی 1957 تۆماركراون، جگە لە هاوڵاتیانی ناحیەی زاب و ناحیەی سەرگەڕان، ناویان لەتۆماری هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوكدا دەبێت و مافی دەنگدانیان دەبێت.

بەپێی بنەمای دووەمی وردبینییەکە کە یاساکە دیاریی کردووە؛ ئەو هاوڵاتییانەی راگوێزراوبون و گەڕاونەتەوە و رێكارەكانی لیژنەی تایبەت بە ماددەی 140ـی دەستوریان گرتووەتەبەر، ئەوا ناویان لە تۆماری دەنگداندا دەبێت.

بەپێی بنەمای سێیەمیش، ئەو هاوڵاتییانەی لەڕێی كۆبۆنی خۆراكی پێش ساڵی 2003ـەوە دەتوانن نیشتەجێبونیان لە سنوری پارێزگای کەرکوکدا بسەلمێنن، مافی دەنگدانیان دەبێت.