بایکۆت بۆ مووچە فراوان دەبێت؛ پزیشکان: بایکۆت دەکەین تا مووچە دەدرێت

01-08-2023 01:11
گردبوونەوەی ناڕەزایی پزیشکان لە بەردەم نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی. ١-٨-٢٠٢٣

پەرەگراف

ناڕەزایی و بایکۆتی مووچەخۆران ئەمڕۆ فراوانتر بوو، لە چەند فەرمانگەیەکی سنوری سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆکان بایکۆت ڕاگەیەندرا، پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەرزیش نەخۆشخانەکانیان چۆڵکردو بایکۆتیان ڕاگەیاند تا دابەشکردنی مووچە.

لە بەیاننامەیەکدا پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەرز ڕایانگەیاند، زیاتر لە ٦٠٠ پزیشکن لە سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆکان و بڕیاریانداوە بایکۆت بکەن.

"لەپای بێباکی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەوامی سەرجەم نەخۆشخانەکان بایکۆت دەکەین جگە لە نەخۆشخانە فریاکەوتنەکان کە ٧٢ کاتژمێر مۆڵەت دەدەین و بەپێچەوانەوە لەو شوێنانەش بایکۆت دەکەین" پزیشکان وادەڵێن.

پزیشکان دەشڵێن، تاکە بژێوییان لەسەر مووچەیەو داوای دەستبەجێ دابەشکردنی مووچە دەکەن لەگەڵ ڕێکخستنەوەی مووچەو دابەشکردنی مانگانە لەکاتی خۆیدا بەبێ دواکەوتنی.

یەکەم ڕۆژی مانگی هەشتەو تائێستا چارەنووسی مووچەی مانگی شەش لە هەرێمی كوردستان دیار نییە، هەرچەندە حکومەتی هەرێم ڕێککەوتنی لەگەڵ بەغداد ڕاگەیاند، بەڵام وادەی ناردنی پارەو دابەشکردنی مووچە ڕانەگەیەندراوە.