ئەنجامدانی نەشتەرگەریی درێژكردنی بەژن و باڵا بەمەبەستی جوانكاری قەدەغە كرا

31-07-2023 09:11

پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی "درێژكردنی بەژن و باڵا بەمەبەستی جوانكاری"ی قەدەغە كرد و دەڵێت "نابێت هیچ پزیشك یان نەخۆشخانەیەك ئەم نەشتەرگەریە ئەنجام بدات، تەنها بەمەبەستی چارەسەری كێشە و گرفتی تەندروستی و بەڵگەداری زانستی دەبێت".

ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی لە ئاگادارییەكدا دەڵێت "وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەكی پسپۆڕی ڕاوێژكاریی زانستیی پێك هێناوە بۆ دیاریكردنی ڕێنمایی و بەڵگە زانستییەكانی بەكارهێنانی دەزگای جێگیركردنی دەرەكی بازنەیی (ئیلیزارۆف Ilizarov بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی ئێسك".

وەزارەتەكە دەڵێت "هاووڵاتیانی خۆشەویست پێویستە هۆشیار بن و خۆیان دوور بگرن لە ترسناكیی ئەگەری ئاڵۆزكانی ئەم نەشتەرگەرییە".

لە ئاگادارییەكەدا جەخت كراوەتەوە كە "تا ئێستا هیچ سەنتەرێك، یان ڕێگەپێدانی فەرمی، بەم خزمەتگوزارییە نەدراوە".