کڕینی دوو خانوو بۆ بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ھەڵا دەنێتەوە؛ وەزارەت ھەڕەشە دەکات

31-07-2023 08:46
عەبدولخالق باپیری بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە

پەرەگراف

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە کە بەرپرسێکی پارتییە لە پارەی گشتیی دوو خانوو و ئۆتۆمبێلێکی گولـلە نەبڕی بۆ دەکڕدرێت و شەش کەسی بۆ دادەمەزرێندرێت، جگە لەوانەش بەناوی نۆژەنکردنەوەی خانووەکانیشەوە پارەی دیکەی بۆ خەرج دەکرێت، بەرپرسێکی باڵای سەربازیی یەکێتیش بە نایاسیی کوڕەکەی دامەزراندووەو پلەی بەرزکردووەتەوەو ناردوویەتییە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندنی سەربازیی.

ئاشکرا بوونی ئەو بابەتانە و بڵاوبوونەوەی بەڵگەو نووسراوی فەرمیی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەیانەوە، بووەتە باسی گەرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەخنەو تانەوتوانج لە وەزارەت و حکومەتی ھەرێم دەدرێت.

بەپێی فەرمانێکی وەزاریی وەزارەتی پێشمەرگە کە ٥ی ئەم مانگە دەرچووەو دەست پەرەگراف کەوتووە، بڕیاردراوە بە کڕینی دوو خانوو لەپڕۆژەی فیوچەر سیتی لە هەولێر بۆ عەبدولخالق باپیری بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بە بڕی ملیارێک و ٢٧٨ ملیۆن و ٥٥٠ هەزار دینار.

فەرمانەکە عەبدولخالق باپیری خۆی واژۆی کردووە لە بری شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە کە زیاتر لە ١٠ مانگە دەوام ناکات بەهۆیکێشەی ناوخۆیی حیزبەکەیەوە.

عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان دەڵێت، هاوکات لەگەڵ کڕینی ئەو دوو خانووەدا، "بڕی ١٦٠ ملیۆن دیناری دیکە بۆ بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە خەرجکراوە بۆ نۆژەنکردنەوەی دوو خانوەکەی".

لە بەرامبەردا وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ئەو دوو خانووە موڵکی حکومەتن و بە ناوی کەسێکی تایبەتەوە نەکڕدراون و بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەکان کار ناکات و تەواوی ئەو فەرمانە وەزاریانەی کە واژۆی لەسەر کردوون فەرمی و یاسایین.

وەزارەتەکە ھەڕەشە لەو کەسانە دەکات کە دزەیان بە نووسراوەکان کردووەو دەڵێت "دزەپێکردن و بڵاوکردنەوەی نوسراوە فەرمییەکانی وەزارەت و بڵاوکردنەوەیان لە دەزگاکانی میدیادا پێچەوانەی یاسا و رێنماییەکانە و سەرپێچیکاران لەبەرامبەر یاسادا بەرپرسیار دەبن".

هەروەها لە نووسراوێکی دیکەدا ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندیی داوە لەسەر کڕینی ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندکرۆزەری گولـلەنەبڕی مۆدێل٢٠٢٣ بە بڕی نزیکەی ٢١٠ هەزار دۆلار ئەوەش هەربۆ عەبدولخالق باپیری بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە.

بەپێی نووسراوێکی دیکەش کە دەست پەرەگراف کەوتووە، لە ٥ی ئەم مانگەدا عەبدولخالق باپیری فەرمانی بۆ دامەزراندنی ٦ کەسدەرکردووە بۆ نووسینگەکەی خۆی لە وەزارەت، ئەو شەش کەسە لە ١٢-٦-٢٠٢٣وە مووچەیان بۆ خەرج کراوە کە ڕێکەوتی دەستبەکاربوونیانە، ئەوە لەکاتێکدایە چەند ساڵێکە پڕۆسەی دامەزراندن لە هەرێمی کوردستان ڕاگیراوەو هەزاران دەرچووی زانکۆو پەیمانگاکان دانەمەزراون و هەلی کاریشیان بۆ نەڕەخسێندراوەو بێکار ماونەتەوە.

هەر لە وەزارەتی پێشمەرگە، کوڕی بەرپرسێکی باڵای یەکێتی بەناوی ژیر بەختیار محەمەد -بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەیە-، ساڵی ٢٠١٧ لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا لە یەکەکانی ٧٠ دامەزرێندراوە لە کاتێکدا دامەزراندن بۆ خوار تەمەنی ١٨ ساڵ نییەو، دواتریش بە نایاسایی پلەکەی بەرزکراوەتەوە بۆ نائیب زابتی دەرەجەیەک کە پێشمەرگە بە ١٥ ساڵ خزمەت دەگات بەو پلەیە.

کوڕی ئەو بەرپرسە دواتر گواستراوەتەوە بۆسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە، پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح دەڵێت، "پاشان ڕاستەوخۆ لەسەر بوودجەی وەزارەتی پێشمەرگە دەنێردرێت بۆ کۆلێژی سەربازیی ساندهێرست لە بەریتانیا کە هەموو تێچووی خوێندن و مانەوەو هاتووچۆی لەسەر وەزارەتی پێشمەرگەیە".

فەرمانگەی یاسایی ئەمیندارێتی وەزارەتی پێشمەرگە لە نووسراوێکدا بۆ سەرۆکایەتی ئەرکان، ئاماژە بە نایاساییبوونی دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەی کوڕی ئەو بەرپرسە دەکات و دەڵێت "بەپێی خزمەت و بڕوانامە شایستەی ئەو پلەیە نییەو پێویستە مووچەی ڕابگیرێت و ئەنجومەنی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکبهێندرێت".

ئەو دۆخەی ناو وەزارەتی پێشمەرگە لەکاتێکدایە هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا حەوت ساڵە سەرقاڵی پڕۆسەیەکی چاکسازین لە وەزارەتی پێشمەرگەو بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتییەکی تایبەت بە چاکسازیی لە وەزارەت کراوەتەوە، بەڵام بەدەمەوەنەچوونی پارتی و یەکێتی بۆ چاکسازیی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە، نیگەرانیی قووڵی هاوپەیمانانی لێکەوتووەتەوەو چەندجارێک هەڕەشەی بڕینی هاوکارییەکانیان کردووە.