کونسوڵخانەی ئەمەریکا پێشوازی لە ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی دەکات و دەڵێت: چاومان لەوەیە بەرەوپێشچوون ببینین

31-07-2023 10:08

پەرەگراف

 

کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر پەیامێکی لەبارەی کۆبوونەوەکەی دوێنێی پارتی و یەکێتی  بڵاوکردەوە و دەڵێت، پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان ئەو دوو حیزبە دەکەن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و چاکسازیی و یەکخستنی پێشمەرگە. 

"چاومان لەوەیە بەرەوپێشچوون ببینین لە کاتێکدا هەردوولا لێک نزیک دەبنەوەو گفتوگۆ لەسەر پرسەکانی دیکە دەکەن لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانی عێراق" کونسوڵخانەکە وادەڵێت.

پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەی دوێنێیاندا لەسەر پێنج خاڵ ڕێککەوتنیان ڕاگەیاند، دەربارەی ھەڵبژاردن خاڵێكی ڕێككەوتنەکە دەڵێت "هەردوولا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین لەو کاتەی لەلایەن سەرۆکی هەرێم دیاریدەکرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان".

خاڵێکی دیکەیان تایبەتە بە پێشمەرگەو دەڵێنبڕیارماندا پرۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام بێت.

راگەیاندراوی کۆتایی کۆبونەوەی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەباشان ئەنجام درا. دوای تاووتوێی بارودۆخی ناوچەکە بە گشتی و عیراق و کوردستان بە تایبەتی، هەردوولا تەئکیدمان لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانومافە دەستوورییەکانی کردەوە و تەواوی تواناکانمان دەخەینەگەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگارییەکان لە پێناو بژێوی هاوڵاتیانو چارەسەرکردنی کێشەکان.

بە ئاڕاستەی زیاتر چڕکردنەوەی هەوڵەکانمان هەردوولامان لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە رێککەوتین:

١: هەردوولا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین لەو کاتەی لەلایەن سەرۆکی هەرێم دیاریدەکرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.

٢: بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان لە هەموو روویەکەوە کێشە و جیاوازییە بچووکەکان بەلاوە بخرێن و روو لە پێکەوە چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین.

٣:بڕیارماندا پرۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام بێت.

٤: هەردوولا بڕیارماندا پشتیوانی لە رێککەوتنەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین.

٥: لە پێناو زیاتر لێکنزیکبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگاری و سەرکەوتن بەسەر کۆسپەکاندا بڕیارماندا بە رۆحیەتی کوردستانیانەو نیشتمانپەروەرانە بەردەوامی بدەین بە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکان و هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان.