داوا یاساییەکەی پەرەگراف لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پچڕێندرا تا دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێ

30-07-2023 02:44

پەرەگراف

لێکەوتەکانی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوە بەردەوامن، لە داوایەکی یاسایی کە سەرنووسەری پەرەگراف لەسەر سەرۆکی پەرلەمان تۆماری کردبوو بە یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی، دادوەر پڕۆسەی دادبینی پچڕاند تا هەڵبژاردنی پەرلەمان و دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی پەرلەمان.

ئەمڕۆ دانیشتنێکی دیکەی دادبینی داوا یاساییەکەی سەرنووسەری پەرەگراف کە لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆماری کردووە لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو.

لە دانیشتنەکەدا دادوەر بڕیاریدا بە پچڕاندنی دادبینی دۆسیەکە تا ئەوکاتەی سەرۆکی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دەستبەکار دەبێت، ئەوەش بەهۆی نەمانی سیفەتی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە ئێستادا بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بە بڕیاری دادگا فیدراڵیی عێراق.

دادگای فیدراڵی لە ٣٠-٥-٢٠٢٣دا درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و بڕیارو یاسا دەرکراوەکانی لە ماوەی دڕێژکردنەوەی تەمەنیدا هەڵوەشاندەوە، لە سەرەتای ئەم مانگەشدا ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ماڵئاوایی لە پەرلەمان کردو کۆتایی بە ئەرکەکەی هێنرا.

سەرنووسەری پەرەگراف لە ٢٤-٨-٢٠٢٢ بەپێی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری داوای یاسایی لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرد، دوای ئەوەی بەپێی ئەو یاسایە داوای زانیاریی کرد لەبارەی بودجەو وردەکاریی خەرجییەکانی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان لە ماوەی یاساییدا وەڵامی نەدایەوەو پاشان سەرنووسەری پەرەگراف دۆسیەکەی بردە دادگا.

لە ١٠-١١-٢٠٢٢ سەرنووسەری پەرەگراف داوایاساییەکەی بردەوەو دادوەر بڕیاریدا بە پابەندکردنی سەرۆکی پەرلەمان بە پێدانی زانیارییەکان، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان بڕیارەکەی تەمیزکردەوەو دۆسیەکە نێردرایەوە بۆ دادگا.

هاوکات هەربەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی، پەرەگراف داوای یاسایی لەسەر هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم تۆمارکرد، بەهۆی پێنەدانی زانیاریی لەبارەی بودجەو خەرجییەکانیان.

داواکانی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت لەسەر داوای پارێزەرەکانیان لە سلێمانییەوە گوازرانەوە بۆ دادگای ھەولێر، لە سەرەتای ئەمساڵ دادگای هەولێر دوو داوا یاساییەکەی سەرنووسەری پەرەگرافی لە ڕووی شکڵییەوە ڕەتکردەوە.

کارزان فازڵ پارێزەری پەرەگراف لەو دۆسیەیانەدا، دوای بڕیارەکەی دادگای هەولێر ڕایگەیاند، پاساوەکانی دادگای هەولێر بۆ ڕەتکردنەوەی داواکان زۆر لاوازن و پێچەوانەی ڕۆحی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاری و دەقە یاساییەکانن.

یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاری لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣وە دەرچووە، بەڵام تائیستا حکومەتی هەرێم ڕێنمایی دەرنەکردووە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە لەلایەن دامودەزگا حکومییەکانەوەو ڕۆژنامەنووسان بە ئاستەم دەستیان دەگات بە زانیاریی و لێدوانی بەرپرسانی حکومەت، پەرەگراف چەندین جار بۆ بابەتی جیاواز داوای زانیاریی و لێدوانی لە وتەبێژی حکومەتی هەرێم کردووە، بەڵام وەڵامی نەداوەتەوە.