ئایندەی کورد لە كەركووك لەبەردەم مەترسیدایە؛ پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەدان

30-07-2023 11:59
کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە سلێمانی

پەرەگراف

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ماوەی تۆماركردنی حیزب و هاوپەیمانێتییەكانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی   تا ٦-٨-٢٠٢٣ درێژ کردەوە و تا ئێستا كورد لە كەركووك هیچ هاوپەیمانێتییەكی نەكردووە. پارتی و یەكێتی لەسەر ئاستی باڵا لە سلێمانی لە كۆبوونەوەدان بۆ ڕێككەوتن، بەڵام بەرپرسێکی پارتی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک بەبێ یەکێتی ئاشکرا دەکات. ١٣ حیزبی كوردستانییش جگە لە پارتی و یەكێتی، هۆشداری دەدەن و دەڵێن: نابێت بە فرەلیستی ئایندەی كەركووك بخەینە مەترسییەوە.

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەمڕۆ ٣٠ی تەمووزی وەكوو كۆتا وادە بۆ تۆماركردنی ناوی حیزب و هاوپەیمانێتییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دیاری كردبوو، بەڵام لەسەر داوای حیزب و لایەنەکان ماوەکەی هەفتەیەکی دیکە درێژ کردەوە.

دوێنێ ١٣ حیزب جگە لە پارتی و یەکێتی، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند "کورد تا ئێستا نەیتوانیوە نێوماڵی خۆی ڕێک بخات و لە ئاست بەرپرسیارێتیی ئەم قۆناغەدا بێت".

ئەو حیزبانە هۆشدارییان دا کە "بەهۆی فرەلیستییەوە لەم هەڵبژاردنەدا ئایندەی کەرکووک لە مەترسیی جیددیدایە. داوایان کرد "دوور لە ململانێی حیزی، لیستی هاوپەیمانیی کوردستانی لە کەرکووک دروست بکرێت".

لە ئێستادا پارتی و یەکێتی لە سلێمانی لەسەر ئاستی باڵا لە کۆبوونەوەدان بۆ گفتوگۆ دەربارەی کێشەکانی نێوانیان و پێشهاتەکان بە تایبەت هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

لە کاتێکدا پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەدان، بەرپرسێکی پارتی بە کوردستان24ی ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ شەش حیزبدا هاوپەیمانییەک پێک دەهێنن و بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن.

محەمەد خورشید، یاریدەدەری مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دەڵێت "ئەمڕۆ هاوپەیمانییەکە لە کۆمیسیۆن تۆمار دەکەین".

یەکێتی لەناو ئەو هاوپەیمانێتییەدا نییە و بەرپرسەی پارتی ڕایشیگەیاندووە "ئەگەر پارتی بە تەنیاش بەشداریی هەڵبژاردن بکات، ئەو حیزبانە پشتگیریی دەکەن".