پەرەگراف
بزووتنەوەی گۆڕان لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی هەڵدەداتەوە بۆ جێبەجێ كردنی ڕێككەوتنەكانی نێوانیانو ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییو كاری هاوبەش، بەڵام هێشتا متمانە لە نێوان ئەو دوو حیزبە دروست نەبووەتەوەو گۆڕان چاوەڕوانی هەنگاوی كرداریی یەكێتییە.
ئەمڕۆ چوار ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ڕێككەوتنی سیاسی نێوان گۆڕانو یەكێتی، پەیوەندییەكانی ئەو دوو حیزبە دوای ماوەیەكی زۆر لە گرژییو ئاڵۆزیی لەگەڵ دەستبەكاربوونی سەركردایەتی نوێی یەكێتی بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچنو دوو كۆبوونەوە لە نێوان هەردوولادا ئەنجام دراون.
دەرباز محەمەد، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان، لە ساڵیادی ڕێككەوتنی سیاسیان لەگەڵ یەكێتی، لەبارەی ڕێككەوتنەكەوە لە تویتێكدا دەڵێت "بۆ ئەوكات ئەو ڕێكەوتنە قۆناغێكی نوێ بو، لەكایەی سیاسی ھەرێم، لەكاری پێكەوەیی حزبی، لە وەلانانی ناكۆكیەكان و ڕێكەوتن لەسەر بابەتە ھاوبەشەكان. بەڵام ھەر زو یەكێتی نەك پاشگەز بوەوە، بەڵكو وەكو دوژمن مامەڵەی لەگەڵ كردین".
یەكێتیو گۆڕان لە 17-5-2016 ڕێككەوتنی سیاسی نێوانیان واژۆ كرد كە تێیدا لەسەر زۆر پرس تێڕوانینی هاوبەشیان گەڵاڵە كردووەو ڕێككەوتوون، ڕێككەوتنەكە گشتگیرەو چەند سێكتەرێك دەگرێتەوەو بۆ كاری پێكەوەییە لەسەر ئاستی تەواوی كوردستانە، ئەوكات پارتی هەرزوو دژایەتیی بۆ ئەو ڕێككەوتنە پیشانداو بە فەرمیی هەڵوێستی خۆی لەبارەیەوە ڕاگەیاند، ڕێككەوتنەكە نەك هەر جێبەجێ نەكرا، بەڵكو پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕانو یەكێتی بە ئاستێك گەیشت كە گۆڕان لە جڤاتی نیشتیمانییەوە ڕێككەوتنەكەی هەڵپەسارد.
"ئێستا قۆناغێكی نوێیە، پاش ژانێكی زۆر سەخت، گۆڕان لاپەڕەیەكی نوێی ھەڵداوەتەوە، لاپەڕەیەك كە بەرژەوەندی خەڵك ناونیشانەكەیەتی، یەكێتی ھەمان نیازی ھەیە، بەوردی چاوەڕوانی وەرگێڕانی نیەتەكانین بۆ كردار، كرداری سەرەكیش لای ھەڤاڵانی یەكێتیە" دەرباز محەمەد وادەڵێت.
بەدەر لەو ڕێككەوتنە سیاسییەی نێوانیان، گۆڕانو یەكێتی ڕێككەوتنی دیكەشیان هەیە بۆ دابەشكردنی پۆستی حكومەتە خۆجێییەكانی سلێمانیو هەڵەبجەو گەرمیانو ڕاپەڕین، بەڵام ئەو ڕێككەوتنانەش وەك خۆیان جێبەجێ نەكراونو چەندین پۆستو بەركەوتەی گۆڕان هێشتا لەلای یەكێتینو ڕادەستی بزووتنەوەكە نەكراون.
پەرەگراف لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیاریی ئەوەی دەستكەوتووە، سەركردایەتی یەكێتی "نیەت باشیی" خۆیان پیشانداوە كە ڕێككەوتنەكانیان لەگەڵ گۆڕان جێبەجێ بكەن.
"گۆڕان چاوەڕوانی جێبەجێ كردنی ڕێككەوتنەكانو گەڕانەوەی متمانەیە، بۆئەوەش سەرەتا چاوی لەو چەند پۆستەیە كە لە حكومەتە خۆجێییەكان بەری كەوتوونو هێشتا ڕادەستی نەكراون، یەكێتی هەركات ئەو هەنگاوەی ناو ڕێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكانی جێبەجێ كرد، دواتر باسی ڕێككەوتنی سیاسی دەكرێت كە بە ڕێككەوتنی دەباشان ناسراوەو بۆ كاراكردنەوەی پێویستە ببرێتەوە جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان" سەرچاوەكەی پەرەگراف وای وت.
گرژییو ناكۆكیی نێوان یەكێتیو گۆڕان لەشەوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12-5-2018 گەیشتە لوتكە، كاتێك هێزێكی یەكێتی هێرشی چەكداریی كردەسەر مەكۆی سەرەكی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی سلێمانی، لەو كاتەوە هەرچەندە دیدارو كۆبوونەوە لە نێوانیاندا هەبووەو یەكێتی بە فەرمی داوای لێبوردنی لە گۆڕان كرد، بەڵام پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو حیزبە ئاسایی نەبووەوە تا دەستبەكار بوونی سەركردایەتی نوێی یەكێتی.
ناوەڕاستی ساڵی ڕابردووش، دوای ئەوەی زانیارییەك گەیشتە بزووتنەوەی گۆڕان كە بەرپرسێكی دەستڕۆیشتووی یەكێتی هەڕەشەی پەلاماردانی كردوون، گۆڕان دەستبەجێ كەوتە حاڵەتی ئامادەباشییو پاسەوانەكانیو دەیان هەڵسوڕاو و خۆبەش بە چەكەوە ڕوویان لە گردی زەرگەتە كرد بۆ پارێزگاریی لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەكەیان.
ئێستا كە گۆڕانو یەكێتی بەرەو ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەكانیان هەنگاو دەنێن، نێوانی پارتیو یەكێتی لە دۆخێكی نائاساییدایەو دوای چەندجارێك هێرشی ڕاگەیاندن بۆسەر یەكتر، ئەو دوو حیزبە نەیانتوانیوە لەسەر ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی نێوانیان ڕێكبكەون، ئەوە لە كاتێكدایە پرسی لامەركەزیی بۆ سلێمانی لەلایەن یەكێتییەوە بە چڕی كاری لەسەر دەكرێت كە خواستێكی لە مێژینەی بزووتنەوەی گۆڕانیشە، ئەمانە وایان كردووە بەرپرسانی گۆڕان بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە دەكەن، تا وەك خۆیان دەڵێن، لەلایەن هیچكام لە پارتیو یەكێتییەوە بەكار نەهێنرێنو نەبنە كارتی فشار بەدەست ئەو دوو حیزبەوە.