گۆڕان بە تووندی ئیدانەی بەكارهێنانی هێز دژی مامۆستایانی دهۆك دەكات

17-05-2020 02:25

پەرەگراف

فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، بە توندی ئیدانەی بەكارهێنانی هێز و گرتن و ڕاوەدونان دژ بە مامۆستایان و فەرمانبەران لە دهۆك‌ دەكات‌و داوا دەكات بە زوترین كات دەستگیركراوەكان ئازاد بكرێن.

ئەو هەڵوێستە لە بەیاننامەیەكی فراكسیۆنەكەدا هاتووە كە تێیدا ڕەفتاری "پۆلیسیی" هێزە ئەمنییەكانی دهۆك بە پێشێلكاریی دەستورو یاساو مافەكانی مرۆڤ لەقەڵەم دەدات.

فراكسیۆنی گۆڕان داوا لە ڕێكخراوەكانی بواری مافەكانی مرۆڤ دەكات كە فشار بكەن بۆ كۆتایی هێنان بە پێشێلكردنی مافە دەستوری و مرۆییەكانی هاونیشتیمانیان لە هەرێمی كوردستان، هەروەها داوا دەكات كە بەغدا و هە‌ولێر بە زوترین كات كێشەكانیان سەبارەت بە نەوت و موچە چارەسەر بكەن و چیتر هاوڵاتیانی هەرێم باجی ململانێ سیاسییەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەندیی‌و گەندەڵیی دەسەڵاتداران نەدەن.


سەرباری فشارو هەڕەشەی هێزە ئەمنییەكان‌و هەڵكوتانەسەر ماڵی چالاكان‌و دەستگیركردنیان، دوێنێ گردبوونەوە ناڕەزاییەكەی دهۆك بۆ مووچە لە كاتی خۆیدا بەڕێوەچوو، بەڵام هێزە ئەمنییەكان هێرشیان كردەسەر گردبوونەوەكەو دەیان ئامادەبوو و بەپرسی حیزبیی‌و چەند ڕۆژنامەنووسێكیان دەستگیر كرد.