پەرەگراف
وەزیری دارایی هەرێم ڕایگەیاند، هیچ بیانوویەک نەماوە تا بەغداد بەشەی بوودجەی هەرێم ڕەوانە نەکات و سەرجەم داواکارییەکانیان بە شەفافی جێبەجێ کردووە.
ئاوات شێخ جەناب لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "داهاتی ناوخۆ بەشی مووچە ناکات، هەرچەندە بەپێی یاسای پێویستە لەسەدا ٥٠ی داهاتی ناوخۆ بنێردرێت بۆ بەغداد بەڵام ئیستا ئەوان داوای لەسەدا سەدی داهاتی ناوخۆ دەکەن".
"پرسیار لەسەر مووچە لەمەودا پێویستە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت" وەزیری دارایی هەرێم وای وت.
ئەوە لەکاتێکدایە بڕیاربوو ئەمڕۆ شاندی هەرێم جارێکی دیکە سەردانی بەغداد بکاتەوە بۆ گفتوگۆ لەبارەی بەشە بوودجەی هەرێم، بەڵام سەردانەکە بۆ سبەی دواخرا.
هەفتەیەکی دیکە پێدەنێینە مانگی هەشتەوەو حکومەتی هەرێم هێشتا وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی دیاری نەکردووە و چاوی لە دەستی بەغدایە بۆ ناردنی مووچە.
هەفتەی ڕابردوو شاندی هەرێم چوار ڕۆژ لە كۆبوونەوەی بەردەوامدابوون لە بەغداد، پاشان شاندەکە گەڕایەوە هەرێم و ڕایگەیاند، دوو خاڵی ناکۆکی ماون و بڕیاربوو لە سەردانی ئەمڕۆدا یەکلا بکرێنەو بەڵام سەردانەکە دواخرا.
ئومێد سەباح، سەرۆكی شاندی هەرێم، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "ئێمە وەكوو حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەییمان دەربڕیوە هەر پابەندییەك لەناو یاسای بودجەدا هەیە، جێبەجێی بكەین، سەرەڕای تێبینیمان لەسەر نادەستووریبوونی هەندێك دەقی ناو بودجە".
سەبارەت بە وردەكاریی پابەندییەكانی هەرێم، ئومێد سەباح وتی "لە 25-6-2023 بە شێوەیەكی كرداری ڕۆژانە 50 بۆ 60 هەزار بەرمیل نەوتمان ڕادەست كردووە و ئەو بڕەیش لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە دیاری كراوە. ئێمە پابەندبووین بە ڕادەستكردنی نەوتەوە و وەزارەتی نەوتی عێراقیش ئەوەی پشتڕاست كردووەتەوە".
لەبارەی ڕادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكانیشەوە، سەرۆكی شاندەكەی حكومەتی هەرێم وتی "حكومەتی فیدراڵیمان ئاگادار كردووەتەوە كە ئێمە لە هەفتەی ئایندەوە ئامادەین ئەو بڕ و ڕێژەیەی لە یاسای بودجەدا دیاری كراوە، ڕادەست بكەین".
شاندی حكومەتی هەرێم پێی وایە كە "هیچ پاساوێك نامێنێت كە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان نەنێردرێت" و دەڵێت، داوایان كردووە لەم هەفتەیەدا سەرجەم شایستە داراییەكانی هەرێم لە مووچە، بودجەی تەشغیلی، بودجەی وەبەرهێنان، بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان، پترۆدۆلار و تەمویلی پێشمەرگە ڕەوانەی هەرێم بكرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا دوو خاڵ ماون كە ناكۆكییان لەسەرە و بەغداد داوای كردووە بۆ یەكلاكردنەوەیان كۆببنەوە.
سەرۆكی شاندی هەرێم وتی "یەكێك لە خاڵەكان پەیوەندیی بە تەفسیركردنی داهاتە نانەوتییەكانەوە هەیە، ئەوی دیكەش پەیوەندیدارە بە تێچووی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێم".
سەبارەت بە مووچەی مانگی شەش كە تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان دابەش نەكراوە، ئومێد سەباح وتی "كیتابێكی فەرمیمان لە وەزارەتی دارایی و دواتر لە دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە كردووە و داوای مووچەی مانگەكانی شەش و حەوتمان كردووە، لەبەر ئەوەی بودجە لە 26-6 چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆ مانگی شەشە تەنیا داوای مووچەمان كردووە، بەڵام بۆ مانگی حەوت داوای هەموو شایستە داراییەكانمان كردووە".
سەرۆكی شاندەكەی هەرێم سەبارەت بە وادەی ناردنی مووچە، وتی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دەیەوێت ئەم هەفتەیە بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە بدات، "سەرۆكوەزیرانی عێراق و تیمی حكومەتی فیدراڵی بە نەفەسێكی دڵخۆشكەری نیشتمانییانە كاریان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەكرد. من چوار ساڵە لەناو هەموو شاندەكاندا بووم، ئەو نەفەسەی كە ئەمجارە دەیبینم، دڵخۆشكەرە".
لەبارەی حیساباتی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵیش، سەرۆكی شاندی حكومەتی هەرێم دەڵێت "بودجە كە پەسەند كراوە، جێبەجێكردنی دەگەڕێتەوە بۆ 1-1-2023، تیمێكی هاوبەشمان دروست كردووە كە دەبێت لە ماوەی یەك مانگدا حەق و حیسابی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە بەینی یەكتریدا بكرێت". ئومێد سەباح پێیشی وابوو "مافێكی زۆری حكومەتی هەرێم لای حكومەتی فیدراڵییە".