سی پی تی: سیستەمی دادوەری لە هەرێم شكستی هێناوە و دادگا لەلایەن حكومەت و حیزبەكانەوە بەكار دەهێنرێت
پەرەگراف
تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی (CPT)ی ئەمریكی ڕایدەگەیەنێت "ئەجێندایەكی سیاسیی باڵای بەرزتر لە بڕیاری نێچیرڤان بارزانیی سەرۆكی هەرێم هەیە، بۆ ئەوەی شێروان شێروانی و هاوڕێكانی ماوەیەكی زیاتر و ئەوەندەی كە خۆیان دەیانەوێت، لە زینداندا بهێڵنەوە".
ڕێكخراوەكە هەڵوێستی خۆی دەربارەی "پێشێلكارییەكانی دوایین پرۆسەی دادگاییكردنی شێروان شێروانی" لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا خستە ڕوو و جەختی كردەوە كە "پرۆسەیەكی یەكجار نادادپەروەری بەڕێوە چوو و سزادانێكی ئێجگار نادادپەروەرانە بوو".
لەبارەی پێشێلكارییەكانی ناو هۆڵی دادگا، سی پی تی ڕایگەیاند "بە تەواوەتی هۆڵی دادگا بە سەربازگە كرابوو، زیاتر لە 15 چەكدار لەناو هۆڵەكە و زیاتر لەو ژمارەیە لە دەرەوەی هۆڵەكە هەبوون. پارێزەران نەیاتوانی پەڕاوی لێكۆڵینەوە و دادگا ببینن".
ڕێكخراوەكە دەپرسێت "چۆن كەسێك دەتوانێت لە دۆخێكی لەو شێوەیەدا بەرگری لە خۆی بكات؟!".
سەبارەت بە قسەی شاهێدەكان لەسەر شێروان شێروانی كە هاوڕێ زیندانیكراوەكانی خۆی بوون، تیمی كوردستانی عێراقی سی پی تی دەڵێت "شاهێدەكان، شاهێدییان لە بەرژەوەندیی شێروانی شێروانی دا و ئاماژەیان بەوە دا كە خۆیان دەسەڵاتیان بە شێروان داوە لەبریی ئەوان واژوو بكات و داواكارییەكانی ئەوانیش بەرز بكاتەوە".
"دادوەر پرسیاری لە شاهێدەكان كرد: ئایا زیانتان بەركەوتووە؟ وتیان: هیچ زیانێكمان بەرنەكەوتووە و خۆمان داوامان لێ كردووە لەبریی ئێمە واژوو بكات"، سی پی تی وا دەڵێت.
لە كاتی پرۆسەی دادگاییكردنەكەدا نوێنەری یاسایی چاكسازیی گەورانی هەولێر بانگەشەی ئەوەی كردووە كە بەهۆی "ساختەكردنی واژوو" لەلایەن شێروان شێروانییەوە "ناوبانگیان زیانی بەركەوتووە". سی پی تی دەپرسێت "بەڵگەنامەیەك كە بۆ ناو چاكسازی بووە و بۆ دەرەوە نەبووە، چۆن دەتوانێت ناوبانگیان لەكەدار بكات؟!".
ڕێكخراوەكە جەخت دەكاتەوە كە "سیستەمی دادوەری لە هەرێم سەربەخۆ نییە، حیزبە سیاسییەكان دەستوەردان دەكەن و دادگا و دادوەرەكان وەكوو كەرەستەیەكی سیاسی بۆ سزادان و سەركوتكردن و ستەمكردن بەكار دەهێنرێن لە دژی ئازادیی ڕادەربڕین".
هەروەها سی پی تی پێی وایە كە "حكومەت، دادگا بەكار دەهێنێت بۆ سەركوتكردن و ستەم كردن لە ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی كاری میدیایی".
"نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسانی دیكەی هەرێم بانگەشەی سەربەخۆیی سیستەمی دادوەری دەكەن، بەڵام ئومێد بەرۆشكی لە نیوەشەودا لە ماڵەكەی خۆیدا ڕفێندرا، دواتر ئاماژە بەوە كرا كە بە بڕیاری مەسروور بارزانی ئازاد كراوە، كەواتە كە بڕیاری ئازادكردن بەدەست مەسروور بارزانی بێت، بڕیاری دەستگیركردنیش بەدەست ئەوە، چۆن ئێمە دەتوانین بڵێین سیستەمی دادوەری سەربەخۆیە؟! ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە دەتوانن خەڵك دەستگیر بكەن و بڕفێنن بەبێ بڕیاری دادگا"، ڕێكخراوی سی پی تی وا دەڵێت.
تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی سی پی تی جەخت لەوە دەكاتەوە كە "شێروان شێروانی و ڕۆژنامەنووس و چالاكان و ئازادیی ڕادەربڕین بە ئامانج گیراون و هەرێمی كوردستان سەلامەت نییە بۆ ڕۆژنامەوانان و چالاكان كە بتوانن بە ئازادی قسەی خۆیان بكەن. سیستەمی دادوەری لە هەرێمی كوردستان بە تەواوی شكستی هێناوە و سەربەخۆ نییە".
ڕێكخراوەكە ئامارێكی خستە ڕوو كە "تەنیا لە شەش مانگی ڕابردوودا بەلای كەمەوە نۆ ڕۆژنامەنووس كوردستانیان بەجێ هێشتووە، بەهۆی ئەو هەڕەشانەی كە لەسەر خۆیان و خانەوادەكانیان هەیە".
سی پی تی داوای ئازادكرنی شێروان و تەواوی زیندانیانی بادینان دەكات و دەڵێت "داوا لە كونوسڵخانەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پەرلەمانتاران دەكەین كە دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ ئەو دەنگانەی كە داوای سیستمی دادوەریی سەربەخۆ دەكەن".