مەسرور بارزانی بە تووندی سەرکۆنەی بڕیارێکی لەتیف ڕەشید دەکات

22-07-2023 03:19

پەرەگراف

مەسرور بارزانی بە تووندی سەرکۆنەی بڕیارێكی لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق دەكات، بەھۆی ھەڵوەشانەوەی مەرسوومێکی کۆماریی کە لویس ساکۆ پاتریارکی مەسیحییە کاسۆلیکەکانی عێراق وەكو بەرپرسی وەقفی مەسیحییەكان لە عێراق دەناسێنێت.

ساکۆ نیگەرانەو بەھۆی بڕیارەکەی لەتیف ڕەشیدەوە ناگەڕێتەوە بەغدادو شەوی ڕابردوو گەیشتە ھەولێر و لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.

مەسرور بارزانی دەڵێت "بەخێرهاتنێکی گەرمی بەڕێز قەداسەتی پاتریاک لویس ساکۆ دەکەین بۆ هەولێر، پایتەختی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەموو ئایین و ئایینزا و نەتەوەکان".

"کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی کریستیانەکان. بە تووندی سەرکۆنەی ئەو مامەڵە نەشیاوەی بەرامبەر بە بەڕێزیان کراوە دەکەین" سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە تویتێکدا وادەڵێت.

ھەڵوەشانەوەی مەرسوومەکە کە بەھۆیەوە لویس ساکۆ لە کەسی یەکەمی مەسیحییەکانی عێراق دوور دەخاتەوە، نیگەرانیی ڤاتیکان و ئەمەریکاو زۆرێک لە کۆمەڵگای مەسیحیی لێکەوتەوەو پشتیوانییان بۆ ساکۆ دەربڕی.

ساکۆ دوای گەیشتنە ھەولێر ڕایگەیاند، "هەرێمی کوردستان ئارام و سەقامگیرە و تێیدا رێز لە پیاوانی ئایینی هەموو ئایینەکان دەگرێت" ومەرجی خۆیشی بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا ئاشکرا کردو وتی، لە ھەولێر دەمێنێتەوە تا دۆخەکە وەک جارانی لێدێتەوەو سەرۆککۆمار بڕیارەکەی ھەڵدەوەشێنێتەوە.

ساکۆ پێیوایە، سەرۆککۆمار بڕیارەکەی داوە "بۆ بەدیهێنانی خواستی بابليۆن بە دەرکردنی فەرمانێک کە ره‌یان سالم دۆدا بە بەرپرسی ئەوقافی کڵێسا و ئەسوانی خوشکی وەک جێگری دەستنیشان بكه‌ن، هه‌روه‌ها سەرمەدی خوشكیشی بكرێته‌ بەرپرسی دارايي و وەسامەیبرای بكرێته‌ بەرپرسی پاراستن له‌ دەشتی نەینەوا و له‌ ماڵی كریستیانه‌كان لە تلکیف پاره‌ كۆبكه‌نه‌وه".

ڕەیان کلدانی سەرۆكی بزوتنەوەی (بابلیۆن)ە، مەسحییەكی سەربە حەشدی شەعبی نزیك لە ئێرانەو ھاوڕێی نزیکی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتییە.