پەرەگراف
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ڕۆژی دووشەممە 24-7-2023ی بۆ دانیشتنی تایبەت بە پاشەكەوتی مووچە دیاری كرد.
سكاڵاكە لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، لەسەر محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق تۆمار كراوە.
لە سكاڵاكەدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی دەنگدان لەسەر بڕگەی ١٢ لە ماددەی ١٤ی پرۆژەیاسای بودجە تایبەت بە پاشەكەوتی مووچە كراوە.
داواش كراوە سەرۆكی پەرلەمان پابەند بكرێت بە ئەنجامی ڕاستەقینەی دەنگدانەكە و ڕێكاری پێویست بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو پێشێلكارییە بگرێتە بەر.
بڕگەی گێڕانەوەی لەسەدا 10ی پاشەكەوتی مووچە كە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە زیاد كرابوو، دواتر بە ڕێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی و لایەنە شیعەكان لابرا، نوسخەیەكی ئەو بڕگەیە بڵاو كرایەوە كە لەلایەن هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتحەوە زەڕبی لێ درابوو.
دواتر ئەو كارە ناڕەزایەتیی لێ كەوتەوە و فراكسیۆنی نەوەی نوێ كە خۆی بە خاوەنی بیرۆكەی گێڕانەوەی لەسەدا 10ی بودجە دەزانی، دژی لابردنی ئەو بڕگەیە وەستایەوە، دواتریش ڕاگەیەندرا كە بڕگەكە خراوەتە دەنگدانەوە و دەنگی پێویستی نەهێناوە، بەڵام نەوەی نوێ ئەو دەنگدانە بە گوماناوی و ناڕوون دەزانێت و ئەنجامەكەی ڕەت دەكاتەوە.