پەرەگراف
سەرباری فشارو هەڕەشەی هێزە ئەمنییەكانو هەڵكوتانەسەر ماڵی چالاكانو دەستگیركردنیان، بەڵام گردبوونەوە ناڕەزاییەكەی دهۆك بۆ مووچە لە كاتی خۆیدا بەڕێوەچوو، هێزە ئەمنییەكان هێرشیان كردەسەر گردبوونەوەكەو دەیان ئامادەبوو و بەپرسی حیزبییو چەند ڕۆژنامەنووسێكیان دەستگیر كرد.
گروپی دەنگی مامۆستایانو چالاكانی مەدەنی چەند ڕۆژێك بوو بانگەشەی گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان دەكرد لە پاركی ئازادی شاری دهۆك بۆ داواكردنی مووچەكانیان كە زیاتر لە دوو مانگە پێیان نەدراوە، كاتژمێر 3ی دوانیوەڕۆی شەممەیان بۆ گردبوونەوەكە دیاریی كردبوو، لیژنەی ئەمنیی دهۆك بە بیانووی نەبوونی مۆڵەت ڕایگەیاند كە ڕێگە بە خۆپیشاندان ناداتو شەوی ڕابردوو هێزە ئەمنییەكان هەڵیانكوتایەسەر ماڵی بەدەل بەرواری چالاكوانو مامۆستای دیاری ناڕازییو بانگەشەكای ئەنجامدانی گردبوونەوەكە.
هەرچەندە بەرواری دەستگیر كراو ئەمڕۆش هێزە ئەمنییەكان بەردەوام بوون لە دەستگیركردنی چالاكانی دیكە، بەڵام ئەو ڕفتارانە خەڵكی ناڕازیی ڕانەگرتو لە كاتو شوێنی دیارییكراودا نزیكەی 200 كەس كە زۆربەیان مامۆستابوون، گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامداو داوای مووچەو مافەكانیان دەكرد.
هێزە ئەمنییەكانی دهۆك هێرشیانكردەسەر ئامادەبووانی گردبوونەوەكەو دەیان كەسیان دەستگیركردو بێڕێزییان بەرامبەر كردن، لەناو دەستگیركراوەكاندا چەند بەرپرسێكی یەكگرتووی ئیسلامیو هاوپەیمانی نیشتیمانیو حیزبی زەحمەتكێشان هەن.
پەرلەمانتارو ڕۆژنامەنووسانیش بێبەش نەبوون لە هێرشو پەلاماری هێزە ئەمنییەكان، هەڵز ئەحمەد پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامیی بێڕێزیی بەرامبەر كراو چەند ڕۆژنامەنووسێك دەستگیركران كە 6 یان ڕاگەیاندنكاری یەكگرتووی ئیسلامی بوونو لە ئەركدا بوون بۆ ڕووماڵی گردبوونەوەكە.
هێرشی هێزە ئەمنییەكان بۆسەر خەڵكە ناڕازییەكە
ڕەفتاری هێزە ئەمنییەكان كاردانەوەی لێكەوتەوە، عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند "دەستگیركردنی مامۆستایانی خۆپیشاندەری شاری دهۆك ڕەفتارێكی سەركوتكەرانە و پڕ شەرمەزارییە!".
سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەیجی خۆی لە فەیسبووك ئاماژە بەوەش دەكات، سەرەتاییترین ئەركی هەر حكومەتێك، دابینكردن و دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرەكانیەتی لەكاتی خۆیدا، "جا كە ناتوانێ موچە بدا واتە شتێك بەناوی حكومەتەوە بوونی نیە!".
هەروەها عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، دەڵێت، دەستگیركردنی مامۆستایان و موچەخۆران لەسەر داواكردنی موچە لەلایەن بەشێك لە هێزە ئەمنیەكانی دهۆك كارێكی ناڕەواو ناپەسەندەو پێویستە لە زووترین كاتدا ئازادبكرێن.
"لەبری دەستگیركردنی مامۆستایان پێویستە ئەوانە دادگایی بكرێن كە 29 ساڵە بەھۆی و گەندەڵی و تاڵانیەوە ئەم دۆخەیان خولقاند. لەبری جێبەجێكردنی و ئەو بەڵێن و ڕێككەوتن و كارنامەو بڕیارانەی بۆ چاكسازی لە نەوت و خاڵی سنوری و باج و كۆماپانیاكان درا، خەڵك زیندانی دەكرێت لەسەر ئەوەی داوای موچە دەكات!" عەلی حەمەساڵح وای نووسیوە.
ڕێگریی لە پەرلەمانتارێكی یەكگرتوو كرا
یەكگرتووی ئیسلامیش ئیدانەی هێزە ئەمنییەكانی دهۆك دەكاتو پەرلەمانتارێكی یەكێتیش داوای ئازادیی بۆ دهۆك دەكات.
ئیسماعیل سگێری، جێگری سەرۆكی فراكسیونی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، مافی هاوڵاتیانە بە ڕێگای ئاشتیانە داوای مافی خۆیان بكەن و دەستگیركردنیان ئیدانە دەكەن، دەشڵێت "ئەو دەسەڵاتە دەیەوێت بە هاوڵاتیان بڵێ ئێمە ئێوە برسی دەكەین و ئازارتان دەدەین نابێت ئێوەش قسە بكەن بۆ دەربڕینی ئێش و برسیبونی خۆتان بە پێشكەوتوترین ڕیگای دیموكراسی كە خۆپیشاندانە".
هاوكات شنۆ ئەشقی سورچی، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، پارێزگای دهۆك هیچ سیمایەكی دیموكراسی پێوە دیار نیە، دەڵێت"30 ساڵە هاوڵاتیانی دهۆك بێدەنگن چیتر بەرگەی حوكمی عەسكەرتاریەتی بنەماڵەیی ناگرن، دەستگیركردنی مامۆستایەك كە هاوكاتە لەگەڵ یادی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان مایەی شەرمەزارییە بۆ ئیدارەی دهۆك".