گۆڕان داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاكەی شێروان شێروانی دەكات، نەوەی نوێ‌: كۆتاییهاتنی حوكمی بنەماڵەیە

21-07-2023 03:15

پەرەگراف

سزادانی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی بە چوار ساڵی دیكە زیندانیكردن، كاردانەوەی فراوانی بەدوادا هاتووە. لەسەر ئاستی ڕێكخراوەكان و ڕۆژنامەنووس و چالاكان و حیزبەكان ئیدانە دەكرێت. نەوەی نوێ دەڵێت "ئەم هەڵسوكەوتانەی مەسروور بارزانی و دووبارە حوكمدانی شێروان شێروانی، نیشانەی كۆتاییهاتنی حوكمی بنەماڵە و چەتەكانی كوردستانە". بزووتنەوەی گۆڕانیش داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادگای هەولێر دژی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەكات.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "ئەم هەڵسوكەوتانەی مەسرور بارزانی، تایبەت بە دەستگیركردن و فڕاندن و سزادانی چالاكوانان و هاووڵاتییانی كوردستان، دووبارە حوكمدانی چالاكوان شێروان شێروانی و دووبارە فڕاندنی ئومێد بەرۆشكی، نیشانەی كۆتاییهاتنی حوكمی بنەماڵە و چەتەكانی كوردستانە".

نەوەی نوێ‌ ئەو پێشهاتانە بە "ڕەفتاری دژەدیموكراسی و خۆسەپێنانەی پارتی" ناو دەبات و دەڵێت "زەنگێكی مەترسیدارە بۆ داهاتووی ئازادی و دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان".

جوڵانەوەكە وەستانەوە دژی ئەو پێشهاتانە بە ئەركی هەموو چین و توێژ و لایەنە سیاسییەكان ناو دەبات و دەشڵێت "هەروەك ئەم ڕەفتارە دیكتاتۆریانەیە دەبێ ببێتە هاندەرێك بۆ دوورخستنەوەی ئەو عەقڵییەتە لە حوكمداری كە تەنها بڕوای بە دەستگیركردن و زیندانیكردنی دەنگە ئازا و ئازادەكانە".

هەروەها ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی بڕیارەكەی دادگای ھەولێر بۆ سزادانی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی، دەڵێت "ئەم بڕیارە درێژكردنەوەی زنجیرەیەك ڕێكارە بۆ سنوورداركردنەوەی ئازادییەكان و كپكردنەوەی دەنگی ئازاد و بۆچونی جیاواز لە هەرێمی كوردستاندا، كە ڕەنگدانەوەی نەرێنیی لەسەر ناوبانگی هەرێم و پرسی سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەبێت".

"گۆڕان وەكوو هێزێكی سیاسیی مەدەنی و داكۆكیكار لە مافە بنەڕەتییەكانی هاووڵاتیان و چالاكوان و ڕۆژنامەنوسان، بە ئەركی خۆمانی دەزانین لەسەر ئەم كەیسە بێینە دەنگ و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادگای هەولێر دژی ڕۆژنامەنوس شێروان شێروانی بكەین، ئەمەش دوابەدوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی تانەدان"، ژووری یاسایی گۆڕان وا دەڵێت.