دوو خاڵی جێی ناكۆكی لەگەڵ بەغداد ماوە و شاندی هەرێم دەڵێت: دەبێت هەفتەی داهاتوو بودجە بێت

20-07-2023 10:14

پەرەگراف

پاش چوار ڕۆژ لە كۆبوونەوەی بەردەوام، شاندی حكومەتی هەرێم كۆتایی بە كۆبوونەوەكانی لە بەغداد هێنا و ڕایدەگەیەنەێت كە تەنیا دوو خاڵی ناكۆكی ماوە، ئەویش یەكشەممە یەكلا دەكرێنەوە. سەرۆكی شاندەكە دەڵێت "یەكشەممە كۆتا كاتە بۆ ئەوەی كاری پێویست ئەنجام بدرێت لەسەر ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان". دەشڵێت "نەفەسێكی دڵخۆشكەری نیشتمانی" لە سەرۆكوەزیران و حكومەتی فیدراڵەوە هەیە بۆ چارەسەری كێشەكان.

ئێوارەی ئەمڕۆ پاش كۆتاییهاتنی كۆبوونەوكانی شاندی هەرێم، ئومێد سەباح، سەرۆكی شاندەكە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "ئێمە وەكوو حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەییمان دەربڕیوە هەر پابەندییەك لەناو یاسای بودجەدا هەیە، جێبەجێی بكەین، سەرەڕای تێبینیمان لەسەر نادەستووریبوونی هەندێك دەقی ناو بودجە".

سەبارەت بە وردەكاریی پابەندییەكانی هەرێم، ئومێد سەباح وتی "لە 25-6-2023 بە شێوەیەكی كرداری ڕۆژانە 50 بۆ 60 هەزار بەرمیل نەوتمان ڕادەست كردووە و ئەو بڕەیش لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە دیاری كراوە. ئێمە پابەندبووین بە ڕادەستكردنی نەوتەوە و وەزارەتی نەوتی عێراقیش ئەوەی پشتڕاست كردووەتەوە".

لەبارەی ڕادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكانیشەوە، سەرۆكی شاندەكەی حكومەتی هەرێم وتی "حكومەتی فیدراڵیمان ئاگادار كردووەتەوە كە ئێمە لە هەفتەی ئایندەوە ئامادەین ئەو بڕ و ڕێژەیەی لە یاسای بودجەدا دیاری كراوە، ڕادەست بكەین".

شاندی حكومەتی هەرێم پێی وایە كە "هیچ پاساوێك نامێنێت كە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان نەنێردرێت" و دەڵێت "داوامان كردووە لە هەفتەی داهاتوودا سەرجەم شایستە داراییەكانی هەرێم لە مووچە، بودجەی تەشغیلی، بودجەی وەبەرهێنان، بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان، پترۆدۆلار و تەمویلی پێشمەرگە ڕەوانەی هەرێم بكرێت".

لەگەڵ ئەوەشدا دوو خاڵ ماون كە ناكۆكییان لەسەرە و بەغداد داوی كردووە ڕۆژی یەكشەممە بۆ یەكلاكردنەوەیان كۆببنەوە.

سەرۆكی شاندی هەرێم وتی "یەكێك لە خاڵەكان پەیوەندیی بە تەفسیركردنی داهاتە نانەوتییەكانەوە هەیە، ئەوی دیكەش پەیوەندیدارە بە تێچووی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێم".

ئومێد سەباح جەخت دەكاتەوە كە "یەكشەممە كۆتا كاتە بۆ ئەوەی كاری پێویست ئەنجام بدرێت لەسەر ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان".

سەبارەت بە مووچەی مانگی شەشە كە تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان دابەش نەكراوە، ئومێد سەباح وتی "كیتابێكی فەرمیمان لە وەزارەتی دارایی و دواتر لە دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە كردووە و داوای مووچەی مانگەكانی شەش و حەوتمان كردووە، لەبەر ئەوەی بودجە لە 26-6 چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆ مانگی شەشە تەنیا داوای مووچەمان كردووە، بەڵام بۆ مانگی حەوت داوای هەموو شایستە داراییەكانمان كردووە".

سەرۆكی شاندەكەی هەرێم سەبارەت بە وادەی ناردنی مووچە، وتی "سەرۆكوەزیرانی عێراق دەیەوێت هەفتەی داهاتوو بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە بدات".

"سەرۆكوەزیرانی عێراق و تیمی حكومەتی فیدراڵی بە نەفەسێكی دڵخۆشكەری نیشتمانییانە كاریان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەكرد. من چوار ساڵە لەناو هەموو شاندەكاندا بووم، ئەو نەفەسەی كە ئەمجارە دەیبینم، دڵخۆشكەرە"، ئومێد سەباح وای وت.

لەبارەی حیساباتی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵیش، سەرۆكی شاندی حكومەتی هەرێم دەڵێت "بودجە كە پەسەند كراوە، جێبەجێكردنی دەگەڕێتەوە بۆ 1-1-2023، تیمێكی هاوبەشمان دروست كردووە كە دەبێت لە ماوەی یەك مانگدا حەق و حیسابی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە بەینی یەكتریدا بكرێت". ئومێد سەباح پێیشی وابوو "مافێكی زۆری حكومەتی هەرێم لای حكومەتی فیدراڵییەگ.