حكومەتی عێراق بڕیاری دەركردنی باڵیۆزی سویدى دا؛ خۆپیشاندەرانی بەغداد ئاڵای سویدیان سووتاند
پەرەگراف
پاش ڕێگەدانی دووبارەی سوید بە سووتاندنی نوسخەیەك لە قورئان و هاوكات ئاڵای عێراق لەلایەن پەنابەرێكی عێراقییەوە لە وڵاتەكەیدا، حكومەتی عێراق بڕیاری دەركردنی باڵیۆزی سوید و گەڕاندنەوەی نوێنەری خۆی لە ستۆكهۆڵم دا. هاوكات خۆپیشاندان لە بەغداد بەڕێوە چوو و مۆڵەتی كاركردنی كۆمپانیای ئێریكسۆنی سویدییش لە عێراق هەڵپەسێردرا.
سەرەڕای ئەوەی عێراق هۆشداریی بە سوید دابوو كە ئەگەر ڕێگە بە سەلوان مۆمیكای پەنابەری بە ڕەگەز عێراقی بدات قورئان و ئاڵای عێراق بسووتێنێت، ئەوا بەغداد پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی لەگەڵ ستۆكهۆڵم دەپچڕێنێت، بەڵام ئەمڕۆ سوید ڕێگەی بەو پەنابەرە دا لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوید و بە چاودێریی پۆلیس، چالاكییەكەی ئەنجام بدات.
لە كاردانەوەدا نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، وەزارەتی دەرەوە ڕادەسپێرێت بە كشانەوەی هەڵسورێنەری كاروباری عێراق لە باڵیۆزخانەی عێرق لە ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید. هەروەها سوودانی داوای كردووە باڵیۆزی سوید لە بەغداد خاكی عێراق جێ بهێڵێت.
هەر لە درێژەی كاردانەوەكان دژی سوید، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق ڕایگەیاند، مۆڵەتی كاركردنی كۆمپانیای ئێریكسۆنی سویدی كە لە بواری پەیوەندییەكان كار دەكات، هەڵپەساردووە.
هاوكات زۆرینەی سەركردە و لایەنە شیعە و سونییەكانی عێراق پاڵپشتییان بۆ حكومەتەكەی سوددانی ڕاگەیاند بۆ هەر ڕێكارێكی دیبلۆماسی كە لە دژی سوید بیگرێتە بەر.
ئێوارەی ئەمڕۆیش هەزاران كەس ڕوویان لە مەیدانی تەحریری بەغداد كرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر ڕێگەدانی سوید بە سووتاندنی دووبارەی قورئان و ئاڵای سویدیان سووتاند.
لای خۆیشیەوە موقتەدا سەدر داوای كۆبوونەوەی كۆمكاری عەرەبی بۆ "پاڵپشتی لە ئیسلام" و داوای "هەڵوێستی ڕاستەقینە"ی لە وڵاتانی ئیسلامی لەناویشیاندا سعودیە و ئێران كرد دژی سووتاندنی قورئان.
هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە بەرانبەر مۆڵەتدانی سوید بە سەلوان مۆمیكا، پەنابەری عێراقی، بۆ دووبارە سووتاندنی نوسخەیەكی قورئان و لە گەلیشیدا ئاڵای عێراق، لایەنگرانی موقتەدا سەدر هێرشیان كردە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد و بەشێك لە باڵیۆزخانەكەیان سووتاند.
ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەكە هێزە ئەمنییەكان چوونە ناوچەكە بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەكە و ژمارەیەك خۆپیشاندەریشیان دەستگیر كردووە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئیدانەی توندی سووتاندنی باڵیۆزخانەكە دەكات و دەڵێت "حكومەتی عێراق لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپاردووە كە لێكۆڵینەوەی بەپەلە بكەن و ڕێوشوێنی ئەنجامدەرانی ئەو كارە و لێپرسینەوەیان بەپێی یاسا".
پاش سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوید، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی كرد بە بەشداریی وەزیرانی دەرەوە و ناوخۆ و سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و بەرپرسانی ئەمنیی دیكە.
لە كۆبوونەوەكەدا سووتاندنی باڵیۆزخانەكەی سوید ئیدانە كرا و بڕیار درا ئەو كەسانەی بەرپرسیارن لە سووتاندنی باڵیۆزخانەكە، ڕادەستی دادگا بكرێن و لێكۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسە ئەمنییە كەمتەرخەمەكان بكرێت.
هاوكات بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، حكومەتی عێراق لە ڕێگەی كەناڵە دیبلۆماسییەكانەوە دوێنێ حكومەتی سویدی ئاگادار كردووەتەوە كە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ڕووداوی سووتاندنی قورئان لە وڵاتەكەیدا و ڕەزامەندی پێدانی بە پاساوی ئازادیی ڕادەربڕین، عێراق هەنگاو بۆ پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان لەگەڵ سوید دەنێت.
حكومەتی عێراق جەخت دەكاتەوە لەوەی كە ڕێگەدان بە سووتاندنی قورئان هاندانە و زیان بە ڕێككەوتن و عورفە نێودەوڵەتییەكان دەگەیەنێت كە تێیاندا جەخت كراوەتەوە لە ڕێزگرتن لە ئایین و بیروباوەڕی یەكدی.
دواتر موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە پەیامێكدا وتی "دوای ئەوەی سوید دژایەتیی خۆی بۆ كتێبە ئاسمانییەكان و ئیسلام دەربڕی، هێڵەكانی دیپلۆماسییش دەبەزێنێت و ڕێگەی داوە بە سووتاندنی ئاڵای عێراق".
سەدر ڕاگەیاند "من چاوەڕێی وەڵامێكی فەرمی دەكەم پێش ئەوەی هیچ هەنگاوێك بنێم. ئەگەر بە ڕاستی ئاڵای عێراق سووتێنرا، ئەوا نابێت حكومەت تەنیا بە سەركۆنە بوەستێت، چونكە ئەوە نیشانەی بێدەنگی و لاوازییە".
ڕێبەری ڕەوتی سەدر جەخت دەكاتەوە "نابێت لە بەرامبەر سووتاندنی قورئانی پیرۆز، تەورات و ئینجیل بسووتێنرێن".
لە یەكەم ڕۆژی جەژنی قورباندا، پەنابەرێكی عێراقی بە ناوی سەلوان مۆمیكا، لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆكهۆڵم لە سوید، قورئانی پیرۆزی سووتاند، ڕووداوەكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كاردانەوەی بەدوادا هات، لە بەغداد خۆپیشاندان ئەنجام درا و چوونە سەر باڵیۆزخانەی سوید.
دواتر وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەگەڵ ئیدانەكردنی توندی ئەو كارە، بە فەرمی داوای لە وڵاتی سوید كرد كە ئەو پەنابەرە ڕادەستی عێراق بكاتەوە بۆ ئەوەی دادگایی بكرێت.
وەزارەتی دەرەوەی سویدیش لە نامەیەكدا بۆ وڵاتانی ئیسلامیی "نیگەرانیی قووڵ"ی لە سووتاندنی قورئان لەلایەن پەنابەرێكی عێراقی لە وڵاتەكەیان دەربڕێ و جەختی لەوە كردەوە، حكومەتی سوید بە تووندی دژایەتیی ئەو جۆرە كارانە دەكات و پشتیوانی یان چاوپۆشی لەو بۆچوونانە ناكات كە دژایەتیی ئیسلام دەكەن.
بەپێی یاسای سوید، سوتاندنی قورئان لەلایەن هەر كەسێكەوە دەچێتە چوارچێوەی ئازادیی ڕادەربڕینەوە و ڕێگەپێدراوە، هەر بۆیە دوای كاردانەوەكان، ئەو پەنابەرە عێراقییە ڕایگەیاند كە نوسخەیەكی دیكە قورئان و ئاڵای عێراقیش لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق دەسووتێنێت، بەڵام وڵاتانی ئیسلامی ئەو كارە بە پێشێلكاری بەرانبەر بە هەستی سەدان ملیۆن موسڵمان دەزانن و داوایان لە سوید كرد ڕێگریی لێ بكات.