باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد سووتێنرا، عێراق لەبارەی سووتاندنی قورئانەوە هۆشداری دەداتە سوید

20-07-2023 02:50
سووتاندنى باڵیۆزخانەى سوید لەلایەن لایەنگرانى موقتەدا سەدرەوە

پەرەگراف

مۆڵەتدانی دووبارەی سوید بە پەنابەرێكی عێراقی بۆ سووتاندانی قورئان، كاردانەوەی توندی لە بەغداد بەدوای خۆیدا هێنا و لایەنگرانی سەدر هێرشیان كردە سەر باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە. حكومەتی عێراقیش لەگەڵ ئیدانەكردنی سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوید، هۆشداریش بەو وڵاتە دەدات لە ڕێگەدان بە سووتاندنی قورئان و دەڵێت "پەیوەندییە دیبلۆماسییەكان دەپچڕێنین".

لە بەرانبەر مۆڵەتدانی سوید بە سەلوان مۆمیكا، پەنابەری عێراقی، بۆ دووبارە سووتاندنی نوسخەیەكی قورئان و لە گەلیشیدا ئاڵای عێراق، لایەنگرانی موقتەدا سەدر بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشیان كردە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد و بەشێك لە باڵیۆزخانەكەیان سووتاند.

ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەكە هێزە ئەمنییەكان چوونە ناوچەكە بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەكە و ژمارەیەك خۆپیشاندەریشیان دەستگیر كردووە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئیدانەی توندی سووتاندنی باڵیۆزخانەكە دەكات و دەڵێت "حكومەتی عێراق لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپاردووە كە لێكۆڵینەوەی بەپەلە بكەن و ڕێوشوێنی ئەنجامدەرانی ئەو كارە و لێپرسینەوەیان بەپێی یاسا".

پاش سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوید، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی كرد بە بەشداریی وەزیرانی دەرەوە و ناوخۆ و سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و بەرپرسانی ئەمنیی دیكە.

لە كۆبوونەوەكەدا سووتاندنی باڵیۆزخانەكەی سوید ئیدانە كرا و بڕیار درا ئەو كەسانەی بەرپرسیارن لە سووتاندنی باڵیۆزخانەكە، ڕادەستی دادگا بكرێن و لێكۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسە ئەمنییە كەمتەرخەمەكان بكرێت.

هاوكات بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، حكومەتی عێراق لە ڕێگەی كەناڵە دیبلۆماسییەكانەوە دوێنێ حكومەتی سویدی ئاگادار كردووەتەوە كە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ڕووداوی سووتاندنی قورئان لە وڵاتەكەیدا و ڕەزامەندی پێدانی بە پاساوی ئازادیی ڕادەربڕین، عێراق هەنگاو بۆ پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان لەگەڵ سوید دەنێت.
حكومەتی عێراق جەخت دەكاتەوە لەوەی كە ڕێگەدان بە سووتاندنی قورئان هاندانە و زیان بە ڕێككەوتن و عورفە نێودەوڵەتییەكان دەگەیەنێت كە تێیاندا جەخت كراوەتەوە لە ڕێزگرتن لە ئایین و بیروباوەڕی یەكدی.

دواتر موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە پەیامێكدا وتی "دوای ئەوەی سوید دژایەتیی خۆی بۆ كتێبە ئاسمانییەكان و ئیسلام دەربڕی، هێڵەكانی دیپلۆماسییش دەبەزێنێت و ڕێگەی داوە بە سووتاندنی ئاڵای عێراق".

سەدر ڕایدەگەیەنێت "من چاوەڕێی وەڵامێكی فەرمی دەكەم پێش ئەوەی هیچ هەنگاوێك بنێم. ئەگەر بە ڕاستی ئاڵای عێراق سووتێنرا، ئەوا نابێت حكومەت تەنیا بە سەركۆنە بوەستێت، چونكە ئەوە نیشانەی بێدەنگی و لاوازییە".

ڕێبەری ڕەوتی سەدر جەخت دەكاتەوە "نابێت لە بەرامبەر سووتاندنی قورئانی پیرۆز، تەورات و ئینجیل بسووتێنرێن".

لە یەكەم ڕۆژی جەژنی قورباندا، پەنابەرێكی عێراقی بە ناوی سەلوان مۆمیكا، لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆكهۆڵم لە سوید، قورئانی پیرۆزی سووتاند، ڕووداوەكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كاردانەوەی بەدوادا هات، لە بەغداد خۆپیشاندان ئەنجام درا و چوونە سەر باڵیۆزخانەی سوید.

دواتر وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەگەڵ ئیدانەكردنی توندی ئەو كارە، بە فەرمی داوای لە وڵاتی سوید كرد كە ئەو پەنابەرە ڕادەستی عێراق بكاتەوە بۆ ئەوەی دادگایی بكرێت.

وەزارەتی دەرەوەی سویدیش لە نامەیەكدا بۆ وڵاتانی ئیسلامیی "نیگەرانیی قووڵ"ی لە سووتاندنی قورئان لەلایەن پەنابەرێكی عێراقی لە وڵاتەكەیان دەربڕێ‌ و جەختی لەوە كردەوە، حكومەتی سوید بە تووندی دژایەتیی ئەو جۆرە كارانە دەكات و پشتیوانی یان چاوپۆشی لەو بۆچوونانە ناكات كە دژایەتیی ئیسلام دەكەن.

بەپێی یاسای سوید، سوتاندنی قورئان لەلایەن هەر كەسێكەوە دەچێتە چوارچێوەی ئازادیی ڕادەربڕینەوە و ڕێگەپێدراوە، هەر بۆیە دوای كاردانەوەكان، ئەو پەنابەرە عێراقییە ڕایگەیاند كە نوسخەیەكی دیكە قورئان و ئاڵای عێراقیش لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق دەسووتێنێت، بەڵام وڵاتانی ئیسلامی ئەو كارە بە پێشێلكاری بەرانبەر بە هەستی سەدان ملیۆن موسڵمان دەزانن و داوایان لە سوید كردووە ڕێگریی لێ‌ بكات.