کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق: ناتوانین پێش ١٨-٢-٢٠٢٤ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدەین

19-07-2023 03:18

پەرەگراف

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق وەڵامی سەرۆکایەتی هەرێمی دایەوە دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دەڵێت، ناتوانن پێش ١٨-٢-٢٠٢٤ هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببەن، پێشنیار دەکات ئەو ڕۆژە یان ڕۆژانی دواتر هەڵبژاردنەکە بکرێت.

وەڵامەکەی کۆمسیۆن کە وێنەیەکی دەست پەرەگراف کەوتووە، تێیدا هاتووە، کە ناتوانن لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش ئەنجام بدەن.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ١٠ی ئەم مانگە داوای لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق کرد، فریای هەرێم بكەون و تا كۆتایی 2023، پرۆسەی دەنگدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببەن.

داواكارییەكەی سەرۆكایەتی هەرێم بە نوسراوێك ئاراستە كراو دەیویست ئەگەر كۆمسیۆن لە توانایدایە؛ 18ـی تشرینی دوەمی ئەمساڵ هەڵبژاردن بكەن ئەگەرنا، لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق پرۆسەكە بەڕێوەببەن، كە 18ـی كانونی یەكەمی 2023یە، بەڵام کۆمسیۆن دەڵێت لانیکەم شەش مانگی پێویستە بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردن و لەو دوو ڕێکەوتەدا ناتوانێت پڕۆسەکە بەڕێوەببات.

ئێستا هەرێمی كوردستان لە بۆشایی دەسەڵاتی چاودێری و یاساداناندایە؛ كە پەرلەمانی كوردستانە و بەهۆیەوە، حكومەت بووەتە كاربەڕێكەر.