شاندی هەرێم چەندین پرسی لەگەڵ بەغداد تاوتوێ‌ كردووە؛ هێشتا بە ئەنجام نەگەیشتوون

19-07-2023 03:07

پەرەگراف

سێ ڕۆژە شاندى حکومەتى هەرێم لە بەغداد سەرقاڵى کۆبوونەوەیە و هێشتا نەگەیشتووە بە ئەنجامێک بۆ ناردنى بەشە بودجەى هەرێم. سەرۆكی شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت کە دڕێژە بە كۆبوونەوەكان دەدەن و دەشڵێت "لە كۆبوونەوكانی ڕۆژی سێشەممەدا باس لە بابەتی دارایی، بەشە بودجەی هەرێم، میزانی مراجعەی مانگەكانی ڕابردوو، هەناردەى نەوت و داهاتی نانەوتی" كراوە.

شاندێكی حكومەتی هەرێم، ڕۆژی دووشەممە 17-7-2023 سەردانی بەغدادی كرد و تا ئێستا زنجیرەیەك كۆبوونەوەی ئەنجام داوە. بەمەبەستی "ئاسانكاری و بەدواداچوون و جێبەجێكردنی بڕگەكانی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵی".

شاندەكە لەلایەن ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و دوێنێ‌ لە نووسینگەی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە "چەند تەوەرێكی گرنگ" گفتوگۆی لەگەڵ شاندی بەغداد كردووە.

ئومێد سەباح دەڵێت "پرسی تەمویلی پێشمەرگە و پترۆدۆلار، یەكێكی تر بوو لە باس و خواسی نێو كۆبوونەوەكان".

هەر دوێنێ‌ شاندی حكومەتی هەرێم سەردانی كۆمپانیای سۆمۆی كردووە و لە كۆبوونەوەیاندا "باس لە ئەگەری هەناردە كردن و هەناردەنەكردنی نەوت و تێچووی كۆمپانیاكانی نەوتی هەرێم" كراوە.

سەرۆكی شاندەكەی هەرێم دەڵێت "هەر لە درێژەی كۆبوونەوەكاندا، سەردانی وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی فیدڕاڵ كرا. تیشك خرایە سەر پرسی بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاكانی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان".

لە یەكەم ڕۆژی سەردانەكەدا، شاندی حكومەتی هەرێم لەگەڵ شاندی حكومەتی عێراق كۆبووەوە و ئومێد سەباح ڕایگەیاند "گفتوگۆ كرا لەبارەی شێوازی جێبەجێكردنی بڕگەكانی تایبەت بە پابەندبوونی هەرێمی كوردستان و دابینكردنی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵیدا".

"لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار دراوە كە كاركردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی و وەزارەتی نەوت و چاودێریی دارایی عێراق بەردەوام بن، بڕیار وایە لە چەند ڕۆژی داهاتوو كۆبوونەوەی باڵا ئەنجام بدرێت"، سەرۆكی شاندی هەرێم وای وت.

پاش سێ‌ ڕۆژ لە سەردانی شاندی حكومەتی هەرێم، هێشتا كۆبوونەوەكان لەگەڵ حكومەتی عێراق ئەنجامی لێ‌ نەكەوتووەتەوە، بە تایبەت بۆ ناردنی پشكی هەرێم، كە تا ئێستا حكومەتی هەرێم بەهۆی بەردەوامیی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت و نەهاتنی بەشە بودجە لە بەغدادەوە، نەیتوانیوە مووچەی مانگی شەش دابەش بكات.