پارتی داوای ئیرادەی یەکگرتووی حیزبەکان دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان

18-07-2023 11:02

پەرەگراف

پارتی دەڵێت ئەگەر ئیرادەیەکی یەکگرتوو هەبێت دەکرێت هەڵبژاردنی پەرلەمان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام بدرێت، ئەو هەڵبژاردنەش تەحەدایەکی نوێی بەردەم حیزبەکانەو هێشتا نەیانتوانیوە لەسەر یەکلیستیی پێکبێن لە ناوچە جێناکۆکەکان.

ئەوە لەکاتێکدایە سەرۆكایەتی هەرێم بە فەرمی داوای لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق کردووە، فریای هەرێم بكەون و ئەگەر لە توانایدایە؛18ـی تشرینی دوەمی ئەمساڵ هەڵبژاردن بكەن ئەگەرنا، لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق پرۆسەكە بەڕێوەببەن، بەڵام کۆمسیۆن دەڵێت لانیکەم شەش مانگی پێویستە بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردن، بەوپێیەش لەو دوو ڕێکەوتەدا ناتوانێت پڕۆسەکە بەڕێوەببات.

ئەمڕۆش كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند كە "یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان"ی بەدەستنەگەیشتووەتە، بۆیە لەئێستادا ئەستەمە بتوانن هیچ وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندیاری بكەن، بەڵام جەخت دەكاتەوە كەئامادەكارییان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە دەست پێ‌ كردووە. هەروەهائێستا ناوەندەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لەپارێزگاكانی هەرێم كراوەن بۆ دەنگدەران.‏

لە نوێترین هەڵوێستدا ئەمڕۆ عەلی حسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند "جەختلەوە دەکەینەوە هەموو لایەنە سیاسییەکان هێزی خۆمان کۆبکەینەوە بۆئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، کۆمسیۆنی عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بەڕێوەببات".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی وتیشی "لە رووی هونەرییەوە هیچ گرفتێک نییە کە ئەو دوو هەڵبژاردنە پێکەوە بکرێن، تەنها پێویستی بەئیرادەیەکی یەکگرتووی سیاسی لایەنە کوردستانییەکانە".

لەگەڵ نادیاریی چارەنووسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بەهۆیەوە هەرێم کەوتووەتە بۆشایی دەسەڵاتی چاودێری و یاسادانان كەپەرلەمانی كوردستانە و حكومەت بووەتە كاربەڕێكەر، هاوکات هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بووەتە تەحەدایەکی دیکەی بەردەم حیزبە کوردستانییەکان.

پارتی و یەکێتی بەجیا دەستیانکردووە بە سەردانی حیزبەکان بە مەبەستی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک و بەشداریکردن بە یەکلیست لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ناوچەکانی جێناکۆک بەتایبەت کەرکوک، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجام.

دلێر عەبدولخالق وتەبێژى گۆڕان دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی، ڕایگەیاند، داوای یەکلیستیی دەکەن و کێشە ناوخۆییەکان کە بۆ بەغداددرێژکرانەوە نابێت بۆ کەرکوکیش درێژبکرێنەوە، وتی "پێویستە بەهێزکردنەوەی و سەنگ و قورسایی کورد بەتایبەت لە کەرکوک، بکەینەوەڵامێک بۆ ئەو دەستدرێژییانەى دەکرێنە سەر کورد لە ناوچە دابڕێنراوەکان".

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەردان و کۆبوونەوەی حیزبەکان بە پەرەگرافی وت "پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی دیکەش بە قسە کۆدەنگن لەسەر یەکلیستی لە ناوچە جێناکۆکەکان، بەڵام گرژیی و کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لە هەرێمی کوردستان بەربەستی بەردەم یەکلیستییەو زەحمەتە کورد بە یەکلیست بچێتە هەڵبژاردنەکەوە".

هەر ئەمڕۆ رزگار حاجی حەمە  لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی کە سەرۆکایەتی شاندی حیزبەکەی دەکات بۆ سەردانی لایەنەکان بەمەبەستی دروستکردنی یەکلیستیی، ڕایگەیاند، هەر لایەنێک لەگەڵ تەبایی و یەکڕیزیی و یەکگرتویی نەبێت، "مانای وایە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەیەوێت کەرکوک بداتە پێکهاتە و لایەنی عەرەبی"، بۆیە داوایانكردوە، هەمو کێشەکان بەلاوە بنرێن و لە کەرکوک بەیەکەوەبن.