پەرەگراف
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا باسی بەشە بوودجەو مووچەی هەرێمی کوردستان نەکرا، هاوکات پڕۆژەیاسایەک پەسەند کرا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی سەردەمی ڕژێمی بەعس، خالید شوانی وەزیری داد ڕایگەیاند.
ئەوە لەکاتێکدایە حکومەتی هەرێم چاوی لە دەستی بەغدایە تا بەپێی یاسای بوودجە پشکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات و مووچەی مانگی شەش دابەش بکات کە ١٨ ڕۆژ لە مانگی حەوت تێپەڕیوەو هێشتا وادەی دابەشکردنی دیار نییە، بۆ هەمان مەبەستیش دوو ڕۆژە شاندێکی هەرێم لە بەغدان.
وەزیری دادی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری پەسندکردنی پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی تایبەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکووک بە کۆی دەنگ دەرکرد و پەسەندیکرد.
پڕۆژە یاساکە ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ خوێندنەوەو دەنگدان لەسەری تا ببێتە یاسا، خالید شوانی وتیشی "ئەم پڕۆژەیاسایە هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو بڕیارانە دەگرێتەوە کە 9 بڕیارن و لە دوای ساڵی 1976 دەرکراون و زەوییە کشتوکاڵییەکانی کورد و تورکمانی کەرکوکیان پێداگیرکراوە".
دەرکردنی ئەو پڕۆژە یاسایە داواکارییەکی بەردەوامی جوتیارانی کوردو تورکمان بووە بەتایبەت لە پارێزگای کەرکوک، هاوکات بەشێک بوو لە کارنامەی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی کە لەلایەن هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت پێکهێنراوە.
وەزیری دادی عێراق دەشڵێت، پڕۆژەیاساکە هەموو ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، "پڕۆژەکە زیان بە هیچ نەتەوەیەک ناگەیەنێت و ئەوەی زیانی بەربکەوێت قەرەبوو دەکرێتەوە، بە زەویی یان بە مادیی".