سوودانی: گرنگە وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری بكرێت

18-07-2023 11:15

پەرەگراف

سەرۆكوەزیرانی عێراق لەگەڵ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان كۆبووەوە و ‏جەختیان لە "گرنگیی دیاركردنی وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان" ‏كردووەتەوە.‏

ئێوارەی دوێنێ‌، سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمسیۆنی ‏ھەڵبژاردنەكانی عێراق سەردانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی ‏عێراقیان كردووە و گفتوگۆیان دەربارەی هەڵبژاردن كردووە.‏

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، ‏سوودانی ئاگادار كراوەتەوە لە وردەكاریی ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆن بۆ ‏ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە لە ١٨ی كانوونی یەكەمی ‏ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.‏

نووسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەشڵێت "هەر لەو دیدارەدا ‏جەخت كرایەوە لەسەر گرنگیی دیاریكردنی وادەیەك بۆ ئەنجامدانی ‏هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان".‏

بڕیارە ئەمڕۆیش كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ‏لەبارەی "سەرپەرشتیكردن"ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە وەڵامی ‏سەرۆكایەتیی هەرێم بداتەوە.‏

سەرۆكایەتیی هەرێم لە نووسراوێكی فەرمیدا بۆ كۆمیسیۆن ئاماژەی بەوە ‏كردووە، بەپێی فەرمانی هەرێمیی ژمارە (٩٠) لە ٢٦-٣-٢٠٢٣، بڕیار دراوە ‏هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕۆژی ١٨-١١-٢٠٢٣ بەڕێوە بچێت، بۆ ئەو ‏مەبەستەش داوای كردووە كۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق ‏ئامادەیی نیشان بدات بۆ سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردن لەو وادەیەدا‎.‎

ئەگەریش لەو وادەیەدا نەكرا، سەرۆكایتیی هەرێم داوای كردووە هەڵبژاردنی ‏پەرلەمانی كوردستانیش لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا‌كانی عێراق لە ‏ڕۆژی ١٨-١٢-٢٠٢٣ بەڕێوە بچێت‎.‎

داواكارییەكەی سەرۆكایەتیی هەرێم لە كاتێكدایە كە پێشتر كۆمیسیۆنی ‏هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاندووە ناتوانێت هەردوو هەڵبژاردنەكە پێكەوە ‏ئەنجام بدات و بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش ماوەی ‏شەش بۆ حەوت مانگی پێویستە، بەوپێیەش پێویستە وادەیەكی نوێ بۆ ‏ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری بكرێت‎.‎

ڕۆژی ٣١-٥-٢٠٢٣ لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆك و ‏ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران و كارمەندانی هونەریی كۆمیسیۆنی ‏هەڵبژاردنەكان كۆبووەوە. تێیدا سەرۆكی كۆمیسیۆن ڕایگەیاند "لە ڕووی ‏هونەرییەوە ناتوانین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق و ‏هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێكەوە ئەنجام بدەین‎".‎

هەروەها بەپێی زانیارییەكان، كۆمیسیۆن تێبینیی لەسەر وشەی ‏‏"سەرپەرشتیكردن" لە نووسراوەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمدا هەیە و داوا دەكات ‏بكرێت بە "بەڕێوەبردن"ی هەڵبژاردن.‏

پێشتر لە سەروبەندی دانیشتنەكانی دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵای دژی ‏درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی كۆمسیۆنی ‏هەڵبژاردنەكانی عێراق كە دادوەرێكی كوردی خەڵكی شاری سلێمانییە‌، ‏ڕایگەیاند كە كۆمیسیۆنەكەیان لەتوانایدایە هەڵبژاردنەكانی هەرێم بەڕێوە ‏ببات‎.‎

لە دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بە نادەستووریبوونی یاسای درێژكردنەوەی ‏تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، شاندێكی سەرۆكایەتیی ھەرێم سەردانی ‏بەغدادی كرد و لەگەڵ كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق كۆبووەوە. ڕۆژی ١٥-٦-‏‏٢٠٢٣یش نێچیرڤان بارزانی بە ئامادەیی جینین پلاسخارت، نوێنەری ‏سكرتێری نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق، لە سەرۆكایەتیی هەرێم لەگەڵ ‏كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆبووەوە و داوای كرد "هەرچی زووە ‏هەنگاو بنرێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن‎".‎

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە دەبوو لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠٢٢ ‏بەڕێوە بچێت، سەرەڕای دوو جار دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكە لەلایەن ‏سەرۆكی هەرێمەوە، بەهۆی ناكۆكیی نێوان لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن ‏تا ئێستا ئەنجام نەدراوە‎.‎

سەرۆكی هەێم لە ساڵی ٢٠٢٢دا ڕۆژی ١ی تشرینی یەكەم و لە ساڵی ‏‏٢٠٢٣یشدا ڕۆژی ١٨ی تشرینی دووەمی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ‏پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد، بەڵام لایەنەكان نەیانتوانی لەسەر هەمواری ‏یاسای هەڵبژاردن و بە تایبەتیش كورسیی كۆتاكان بگەنە ڕێككەوتن‎.‎

پاش كۆتاییهاتنی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی ڕابردوو، ‏فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی و پێكهاتەكان تەمەنی پەرلەمانیان بە نایاسایی ‏بۆ ماوەی ساڵێك درێژ كردەوە و یاسایەكیان بۆ دەركرد، لەو ماوەیەشدا ‏لایەنەكان نەیانتوانی بگەنە ڕێككەوتن و دواجاریش پارتی لەگەڵ پێكهاتەكان ‏لە بارودۆخێكی ئاڵۆزدا لەناو پەرلەمان كۆمیسیۆنی كارا كردەوە‎.‎

لە كۆتاییدا دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە بڕیارێك یاسای درێژكردنەوەی ‏تەمەنی پەرلەمانی كوردستان و بڕیار و یاسا دەركراوەكانی لە ماوەی ‏دڕێژكردنەوەی تەمەنیدا هەڵوەشاندەوە و بە نادەستووری ناوی برد، ‏لەناویشیاندا بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن‎.‎

لە ڕۆژی ٢-٧-٢٠٢٣ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ماڵئاوایی لە فەرمانبەرانی ‏پەرلەمان كرد و دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران خانەنشین دەكرێن، ‏دەرگای هۆڵی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانیش بە داخراویی دەمێنێتەوە تا ‏هەڵبژاردنی داهاتوو و دەستبەكاربوونی خولی نوێی پەرلەمان‎.‎

هەرچەندە بەرپرسانی هەرێم چەندین جار جەختیان لە ئەنجامدانی ‏هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەمساڵدا كردووەتەوە، بەڵام كۆمیسیۆنی ‏هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆتایی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی ‏پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە دەبات و ڕایشیگەیاندووە كە ناتوانێت هەردوو ‏هەڵبژاردنەكە پێكەوە ئەنجام بدات، هەر بۆیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ‏ئەگەریش ئەنجام بدرێت، بەلای كەمەوە دەكەوێتە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو‎.‎

لە ٣٠ ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ‏‏١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی ‏یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە‎.‎