زبڵ و خاشاكی هەرێم 50%ی خۆراكە؛ مانگانە تەنیا لە دهۆك بە بەهای 20 ملیۆن دۆلار خۆراك فڕی دەدرێت
پەرەگراف
لەسەدا 50ی پاشماوەی زبڵ و خاشاك لە هەرێمی كوردستان خۆراكە . تەنیا لە پارێزگای دهۆك ڕۆژانە نزیكەی ٧٠٠ تۆن خۆراكی ماڵان و چێشتخانە و شوێنە گشتییەكان فڕێ دەدرێن، كە بەهاكەی مانگانە بە دەوروبەری ٢٠ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت.
دیار سادق، بەرپرسی ژینگە و خزمەتگوزاری لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی پارێزگای دهۆك، بە پەرەگرافی وت "زبڵ و خاشاكی قەزای ناوەندی دهۆك و سێمێل ڕۆژانە 700 بۆ 750 تۆنە، لەو بڕە لەسەدا 48ی خۆراك و خواردنەوەیە".
لە سنووری پارێزگای دهۆك 47 شارەوانی هەن، ڕۆژانە بەگشتی 1500 بۆ 1700 تۆن زبڵ و خاشاكیان هەیە، نزیكەی 700 تۆنی خۆراكە.
بەرپرسی ژینگە و خزمەتگوزاری لە شارەوانی دهۆك دەڵێت "زبڵ و خاشاك لە سنووری پارێزگاكە ئەوەندە زۆرە، كارگەكانی ڕیسایكلین دەرەقەتیان نایەن، چارەسەر ئەوەیە خەڵك لەگەڵمان هاوكار بێت لە كاتی فڕێدانی زبل و خاشاكی خۆی، خۆراك و شتەكانی تر لێك جیا بكاتەوە، هەروەها كۆمپانیاكان و ژینگەپارێزانیش باشتر كاری خۆیان بكەن".
پاشماوەی خۆراك زیانی ژینگەیی و دارایی هەیە، كاریگەریشی لەسەر ئاوی ژێرزەوی دەبێت. شارەزایانی ژینگە دەڵێن، خۆراك بەگشتی شەش مانگ لەدوای ئەوەی ژێر خۆڵ دەكرێت، دەڕزێت و دوای ئەوە غازی میسانی لێی دەردەچێت، ئەو غازەش كاریگەریی زۆری لەسەر ژینگە هەیە.
ئەندازیار شێرزاد ئەمین، ڕاوێژكاری زانستیی ژینگەیی لە دهۆك، بۆ پەرەگراف ئاماژەی بە زیانە داراییەكانی ئەو هەموو خۆراكە كرد كە ڕۆژانە لە ماڵان و چێشتخانەكان و شوێنە گشتییەكان فڕێ دەدرێن و وتی "بەلای كەمەوە مانگانە دەگاتە 20 ملیۆن دۆلار".
شارەوانیی دهۆك بۆ جیاكردنەوەی زبڵ و خاشاك، تەنها لە قەزای سێمێل 55 هەزار حاویەی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش كردووە، پلانی هەیە لە سەنتەری دهۆكیش چەندین حاویە دابەش بكات.
فەهیم عەبدوڵڵا، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك، بە پەرەگرافی وت "هێشتا ساڵێك تەواو نەبوو بەسەر دەستبەكاربوونی ئەنجوومەنەكەمان، دانیشتنێكی تایبەتمان ئەنجام دا لەسەر پرسی زبڵ و خاشاك، بەتایبەت ئەو خۆراكەی كە ڕۆژانە فرێ دەدرێت".
بەپێی دەرئەنجامەكانی بەدواداچوونی ئەوان، لەسەدا 53ی زبڵ و خاشاكی دهۆك خۆراكە، ئەو ڕێژەیە لە بەرزبونەوەی زیاتردایە و ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بە چەند ڕێگایەك داوای چارەسەركردنی ئەو كێشەیەی كردووە، بەڵام هێشتا هیچیان جێبەجێ نەكراون.
ڕێگای یەكەم دانانی دوو حاویە لەپێش دەرگای هەر ماڵێك تاوەكو هەر كەسێك خۆراك و زبڵ و خاشاكی تر جیا بكاتەوە، ئەوەش كاری ژینگەپارێزان و كارگەكانی زبڵ و خاشاك زۆر ئاسان دەكات.
دووەم ڕێگاش ئەوەیە كە هەر خێزانێك زبڵ و خاشاكەكەی جیا نەكاتەوە، وەكوو سزا دوو بۆ سێ ڕۆژ زبڵ و خاشاكەكەی لەلایەن ژینگەپارێزانەوە هەڵنەگیرێتەوە، تاوەكوو نەچار بێت ئەویش پاشماوەی خۆراك بكاتە حاویەك و ئەوەی دیكەی لە كارتۆن و شووشە و شتەكانی تر، بخاتە ناو حاویەكەی ترەوە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك دەڵێت "ئەگەر زبڵ و خاشاك بە تەواوی لێك جیا بكرایەتەوە، ڕەنگە بە داهاتەكەی هەموو مانگێك خوێندنگایەكیان دروست بكردایە".