لە گەرمیان ڕوبەڕوبوونەوە لە نێوان ئاسایش و گروپێکی چەکدار دروستبوو؛ کوژراو و بریندار ھەن
پەرەگراف
لەکاتی دەستگیرکردنی 'گروپێکی چەکداری نایاسایی' لە گەرمیان ڕوبەڕوبوونەوە لەنێوان ئاسایش و گروپەکەدا دروستبوو، ئەندامێکی گروپەکە کوژراوەو دوو ئەندامی دیکەیان و دوو ئاسایش بریندار بوون، دەزگای ئاسایش ڕایگەیاند.
گروپەکە ناویان لەخۆیان نابوو "فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان"، گروپەکە بە ئاشکرا بە چەکەوە دەردەکەوتن و لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی یەکێتی پێشوازییان لێکردوون و دیداریان لەگەڵیاندا ھەبووە، بەڵام ئەمڕۆ ڕوبەڕوبوونەوە لە نێوان گروپەکەو ئاسایش ڕوویداوە.
دەقی ڕاگەیەندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێم لەبارەی ڕوبەڕوبوونەوەکە
هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەندامانی گروپێکی چەکداری نایاسایی دەستگیرکرد کە ناویان لەخۆیان نابوو (فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان).
لە ئەنجامی هەوڵە بەردەوامەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە پێناو زیاتر چەسپاندنی یاسا و ڕێگریکردن لە هەموو کارێکی نایاسایی وتێکدەرانە و دابینیکردنی ئاسایش و ئارامی.
هێزەکانی دەزگای ئاسایش، ئەمڕۆ ٢٠٢٣/٧/١٧ بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، توانیان دوای ڕووبەڕوبونەوە ئەندامانی گروپە چەکدارە نایاساییەکە دەستگیر بکەن، کە ببونە هۆی پشێوی و نائارامی لە ناوچەکە و هەستاون بە خۆنمایشکردن و وەرگرتنی سەرانە و هەڕەشەکردن و تەقەکردن و تۆقاندنی هاوڵاتیان.
لە کاتی دەستگیرکردنی چەکدارەکان، ڕووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بونەوە، لە ئەنجامدا دوو کارمەندی ئاسایش برینداربوون کە هیوای زوو چاکبونەوەیان بۆ دەخوازین، لە کاتی ڕوبەڕووبونەوەکەدا دوان لە چەکدارەکان برینداربوون و یەک چەکدار گیانی لەدەستدا.
ئێستادا بە فەرمانی دادوەر بە ماددەی ١٥٦ لەیاسای سزادانی عێراقی ئەندامانی گروپە چەکدارەکە دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی یاساکرانەوە.