پاسپۆرتی ئەلیكترۆنی لە هەولێر كەوتە كار و سبەینێ‌ دێتە سلێمانی؛ لە هەڵەبجە جێبەجێ‌ ناكرێت

16-07-2023 03:48
پارێزگارى هەولێر یەکەم پاسپۆرتى ئەلیکترۆنى دەداتەوە بە هاووڵاتییەک. فۆتۆ: پەیجى پارێزگاى هەولێر لە فەیسبووک

پەرەگراف

سیستەمی پاسپۆررتی ئەلیكترۆنی لە هەولێر كەوتە كار و سبەینێ‌ لە سلێمانی و دواتر لە دهۆكیش دەكەوێتە كار، بەڵام سیستەمەكە لە پارێزگای هەڵەبجە ئێستا جێبەجێ‌ ناكرێت و هەر بە سیستەمی پێشوو پاسپۆرت دەردەهێنرێت. فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "لەم سیستەمە نوێیەدا لە هەمان ڕۆژی مامەڵەكەت، پاسپۆرتەكەت وەردەگریتەوە".

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ لە كاتی ڕاگەیاندنی سیستەمی نوێی پاسپۆرت وتی "ئەمە نەوەی سێیەمى پاسپۆرتی عێراقییە و كوالێتییەكی زۆر بەرز و دیزاینێكی زۆر جوانی هەیە، ڕێگرییش دەكات لە هەموو ساختەكارییەك و هاووڵاتی لە فڕۆكەخانەكان كۆمەڵێك ئیجرائاتی لە كۆڵ دەبێتەوە".

سیستەمەكە لە بەغداد وەكوو یەكەم شاری عێراق كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە و شاری هەولێر دووەم شاری عێراقە كە سیستەمی پاسپۆرتی ئەلیكترۆنیی تێدا جێبەجێ‌ دەكرێت.

سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی هەڵەبجە بە پەرەگرافی وت "سیستەمی پاسپۆرتی ئەلیكترۆنی سبەینێ‌ لە سلێمانییش دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام لە هەڵەبجە هەر بە سیستەمی پێشوو كار دەكرێت، لەبەر ئەوەی سیستەمە نوێیەكە لەسەر ئاستی عێراق لە سەرەتادا تەنیا لە پارێزگاكان جێبەجێ‌ دەكرێت".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "جارێ‌ دیار نییە كەی سیستەمەكە لە پارێزگای هەڵەبجە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

سیستەمە نوێیەكەی پاسپۆرت لە هەرێمی كوردستان، ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە سیستەمی گشتیی پاسپۆرتی عێراقەوە، واتە ئەو مامەڵانەی لە سیستەمەكە ڕەوانە دەكرێن، ڕاستەوخۆ دەچێتە سیستەمی گشتی پاسپۆرتی عێراق و دواتر پاسپۆرتەكەیان بۆ دێتەوە.