مەسروور بارزانی بۆ هاووڵاتیانی كفری: بە ڕۆحیەتێكی گەرمیانییانەوە لەگەڵتان دەبم

16-07-2023 01:51

پەرەگراف

مەسروور بارزانی لە وەڵامی داواكاریی هاووڵاتیانی كفریدا دەڵێت "دڵنیا بن ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتتان، درێغی ناكەین و بە ڕۆحیەتێكی گەرمیانییانەوە لەگەڵتان دەبم".

ماوەی هەفتەیەكە بەشێك لە هاووڵاتیان و چالاكانی قەزای كفری، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان و هەلی كار و پشتگوێخستنی قەزاكەیان لە ڕووی ئیدارییەوەن ناڕەزایەتییان دەست پێ‌ كردووە و مانگرتنیان ڕاگەیاندووە، هەندێكیان شەوان لەناو خێمەدا دەمێننەوە.

ئەمڕۆ مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، هاتە سەر هێڵ و لە تویتێكدا دەڵێت "هاووڵاتیانی خۆشەویستی كفری، سڵاو و ڕێزم هەیە بۆتان. لە داواكارییەكانتان ئاگادارم و بە دەستم گەیشتوون".

سەرۆكی حكومەتی هەرێم بڕیاری داوە "لیژنەیەكی تایبەت لە نوێنەرانی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان" پێك بهێنرێت و "بە زوویی" بەدواداچوون بۆ داواكارییەكانی هاووڵاتیانی كفری بكرێت.