حکومەتی هەرێم پەنا بۆ دادگای فیدراڵی دەبات و تانە لە یاسای بوودجە دەدات

15-07-2023 01:39

پەرەگراف

حکومەتی هەرێم لە دادگای باڵای فیدراڵیی تانەیدا لە ماددەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی عێراق.

خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی پارتی وت، مادەکانی 11، 12 و 13ـی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە بوودجەدا کە جێی ناڕەزایی حکومەتی هەرێمن تانەیان لێ دراوە.

بڕیارە لەم هەفتەیەدا حکومەتی عێراق ڕێنمایی تایبەت بە خەرجکردنی بودجە دەربکات و بەوەش یاسای بوودجە جێبەجێ بکرێت، خەلیل دۆسکی دەڵێت، تانەدانەکەی حکومەتی هەرێم کاریگەریی لەسەر جێبەجێکردنی ئەو ماددانەی یاسای بوودجە نابێت، لەبەرئەوەی لە تانەکەدا داوا نەکراوە فەرمانی وەلائی دەربچێت بۆ راگرتنی ئەو ماددانەی بوودجە.

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ١٢ی ئەم مانگە لەسەر سكاڵایەكی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، بڕیاری دا بە ڕاگرتنی جێبەجێكردنی ژمارەیەك ماددە و بڕگەی یاسای بوودجەی گشتی تا یەكلاییبوونەوەی سكاڵاكە.

لەناو ئەو ماددانەی كە محەمەد شیاع سوودانی تانەی لێ‌ داون، هیچ ماددە و ‏بڕگەیەكی پەیوەست بە هەرێمی كوردستانی تێدا نییە كە بریتین لە ماددەكانی ‏‏١٢، ١٣ و ١٤، هەرچەندە حکومەتی هەرێم و زۆرێك لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان پێیان وایە ‏بەشێك لە ماددە و بڕگەكانی پەیوەست بە كورد کە لە پەرلەمانی عێراق گۆڕانکارییان تێدا کرا، پێچەوانەی ئەو ڕێككەوتنەن ‏كە پێشتر لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق كراوە.‏

پاش پێنج ڕۆژ لە گفتوگۆی بەردەوام و ململانێی توندی نێوان فراكسیۆن و ‏‏پێكهاتەكان، پەرلەمانی عێراق بەرەبەیانی ڕۆژی ١٢-٦-٢٠٢٣ پرۆژەیاسای ‏بودجەی بۆ سێ‌ ‏ساڵ پەسەند كرد. بەشێك لەو بڕگانەی پەیوەست بوون بە ‏كورد لەنێویشیاندا ‏پاشەكەوتی مووچە، ڕەت كرانەوە، هەندێكیش پەسەند ‏كران.‏

پرۆژەیاساكە بۆ ساڵەكانی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥)ـە، بڕی ئەو پارەیەی بۆ ‏‏بودجە تەرخان كراوە بۆ ساڵێك، نزیكەی ١٩٩ تریلیۆن دینارە و پشكی ‏هەرێمی ‏كوردستان بە لەسەدا ١٢.٦% دیاری كراوە و ١٦ تریلیۆن دینار دەكات.‏

پێشتر حکومەتی هەرێم هەڵوێستی تووندی ڕاگەیاند لەبارەی گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە هەرێم لە پڕۆژە یاسای بوودجە. مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، ئەو گۆڕانکارییانەی لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا کراون، "ناپاکی و ستەمکاری و پیلانگێڕییە لە دژی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی ئەو پیلانگێڕییە دەبینە و ناهێڵین سەر بگرێت".

سەرۆکی حکومەتی ھەرێم وتیشی "ئەوەی جێی داخە ئەو دەستە ناوخۆییەیە کە بەشدارە لەم پیلانگێڕییە. لەوەش خراپتر، کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بەدەسکەوت بۆ خۆیان بزانن. بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە ئەمە هەوڵێکی نەزۆکە و سەر ناگرێت".